پەرلەمانتارێکی کورد رەخنەی توند لە کابینە پێشنیازکراوەکەی ئیبراهیم رەئیسی دەگرێت

21/08/2021 جیهان

نەوا
ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی ئێران رەخنەی توند لە کابینەی پێشنیازکراوی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەگرێت بە هۆی پەراوێزخستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و ژنان و دەشڵێت: هیچ کەسێکی بەئەزمون لە کابینەکەدا نییە.

 رۆژی شەممە ئیبراهیم رەئیسی، وەزیرە پشنیازکراوەکانی کابینەکەی بە پەرلەمانی ئێران ناساند، لە کۆبوونەوەکەدا جەلال مەحمودزادە نوێنەری شاری مەهاباد لە وتەیەکدا رایگەیاند: لە کابینەکەدا ژنان واتە 50٪ی کۆمەڵگا هیچ نوێنەرێکیان نییە.
وتیشی: رەئیسی ملیۆنان مسوڵمانی سوننە و پێکهاتە نەتەوەییەکانی وەک کورد، عەرەب و بەلوچیشی لە کابینەکەی پشتگوێ خستووە.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا ئێران بە دۆخێکی سەختی دارایی و ئابوریدا تێدەپەڕێت و گیرۆدەی بێکاری، هەڵاوسان، پچڕانی بەردەوامی کارەبا و چەندین گرفتی دیکەیە، دەبوایە وەزیرە پێشنیازکراوەکان کەسانی خاوەن ئەزمون و لێهاتوو بوونایە، بەڵام هیچ یەک لەو وەزیرانە ئەو تایبەتمەنیەیان نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group