سعودیە: گەڕانەوەی قاعیدە و داعش بۆ ئەفغانستان مایەی نیگەرانی قوڵە

20/09/2021 جیهان

نەوا
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند: گەڕانەوەی قاعیدە و داعش بۆ ئەفغانستان، مایەی نیگەرانی قوڵە و باس لەوەشدەکات بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتی گشتگیر ئامادەن دان بە حکومەتەکەی تاڵیباندان بنێن.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "تیرۆریزمی نێودەوڵەتی" بەردەوام جێگەی نیگەرانی وڵاتەکەیەتی و گەڕانەوەی داعش و قاعیدەش بۆ ئەفغانستان، لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ حکومڕانی ئەو نیگەرانیەی زیاتر کردووە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە باسی لەوشکرد، وڵاتەکەی هیج پەیوەندییەکی لەگەڵ تاڵیباندا نییە و تەنها بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، کە نوێنەری پێکهاتە و لایەنەکانی دیکەی ئەفغانستانی تێدا بێت، ئامادەن دان بە حکومەتەکەی ئەو بزوتنەویەدا بنێن.
لە 15ی ئابەوە تاڵیبان دەستی بەسەر کابۆلدا گرتوەتەوە و بەوەش پاش 20 ساڵ گەڕایەوە بۆ حکومڕانی ئەو وڵاتە، بەڵام لە حکومەتە کاتیەکەیدا لایەنە سیاسیەکانی دیکەی پەراوێز خستووە.
ساڵی 2001 و دوابەدوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبر، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە هۆی داڵدەدانی قاعیدەوە، هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان و کۆتاییان بە حکومەتی تاڵیبان هێنا.
لە ئێستاشدا بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان نیگەرانن لەوەی، بە سەرلەوێ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ حکومڕانی، نەک هەر قاعیدە بەڵکوو داعشیش ئەو وڵاتە بکەنە پەناگەیەک و لەوێوە ببنە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دیکە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group