عێراق دۆسیەی ئاو لەگەڵ ئێران بە نێودەوڵەتی دەكات

22/09/2021 عێراق

نەوا-
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لەسەر پشكی ئاوی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، ئاشكراشی كرد، وەزارەتی دەرەوە دەستی بەكارەكانی كردووە بۆ ئەوەی دۆسیەی قەیرانی ئاو لەگەڵ ئێران بە نێودەوڵەتی بكات.
مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق روونیكردەوە، دۆسیەی گرنگیان لە بارەی گەڕاندنەوەی مافی ئاو لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەگەڵ وڵاتەكە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
روونیشیكردەوە، چەندین ئاماژەیان بەدەست گەیشتووە، كە ئێران بە رێگەی هەڵكەندنی تونێل رێڕەوی ئاو دەگۆڕێت، بۆیە وەزارەتی دەرەوە كاردەكات بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە بە نێودەوڵەتی بكات و یەكێك لە بژاردەكانیش پەنابردنە بۆ دادگای نێودەوڵەتی، چوونكە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەكان هیچ ولاتێك مافی ئەوەی نییە دەست بەسەر سامان و سەرچاوەكانی ئاودا بگرێت.
حەمدانی ئاماژەی بەوەش كرد‌، ئێران چەندین پێشێلكاری یاسای نێودەوڵەتی لەسەر دۆسیەی ئاو كردووە، بە فەرمیش ئێرانیان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group