رۆیتەرز: كاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن قائانی لە بەغدا بووە

13/10/2021 عێراق

نەوا-
سەرەڕای ئەوەی هەردوو حكومەتی عیراق و ئێرانیش رەتیدەكەنەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی دبلۆماسییەوە بڵاویكردووەتەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا بووە.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی دبلۆماسی خۆرئاواییەوە بڵاویكردووەتەوە، بەپێی زانیاریەكان لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئیسماعیل قائانی لە بەغدا بووە و لەگەڵ حزبە شیعییەكاندا كۆبووەتەوە، ئێرانییەكان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە سەرەڕای ئەوەی ئەو كارەش زۆر سەخت دەبێت بۆیان.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێشتر هەردوو حكومەتی بەغدا و تارانیش رەتیان كردووەتەوە قائانی لە عێراق بووبێت، بەڵام ئاژانسەكە لە زاری دوو سەرچاوەی ئێرانییەوە بوونی ناوبراوی لە بەغدا پشتڕاست كردووەتەوە.
هەر بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسەكە، گروپە چەكداریە شیعیەكان كە هەڵبژاردن بە ساختە ناودەبەن جەختیان لەوە كردووەتەوە كە لە ئێستادا پەنا بۆ رێگە یاساییەكان دەبەن، ئەگەر هەژموونیان لە دەست بدەن ئەوا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن، لای خۆشیەوە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی ئەوەی ئاشكرا كردووە، لە ئێستادا موقەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لە ركابەرییەكی تونددایە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت عێراق رابكێشنە ژێر هەژموونی ئێران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group