باوكێك لە پێناو رزگار كردنی كوڕەكەی لە مەرگ دەرمانێك لەماڵەكەیدا دروست دەكات

18/10/2021 جیهان

نەوا-
باوكێكی چینی لە پێناو رزگار كردنی كوڕەكەی لە مەرگ بە ماوەیەكی كەم دەبێت بە زانا و دەرمانێك لە ماڵەكەی خۆیدا دروست دەكات، سەرەتاش لەسەر گیانداران دواتر لەسەر خۆی تاقیدەكاتەوە.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "ساوس چاینا مۆڕنینگ پۆست"، پیاوێكی چینی بەناوی "شو وی" دوای ئەوەی پێی دەڵێن كوڕەكەی نەخۆشی "مینیكس"ی هەیە كە نەخۆشییەكی دەگمەنی بۆماوەییە و كێشەی لە گواستنەوەی مادەی مسدا هەیە لە خانەكانی لەشی و چارەسەریش لە نەخۆشخانەكان هیچ سودێكی نییە، سوور دەبێت لەسەر چارەسەركردنی كوڕەكەی.
بەپێی راپۆرتەكە، باوكەكە سەرەتا دەیەوێت مادەی "هیستیدینی مس" كە چارەسەرێكی پێویستە بۆ كوڕە یەك ساڵانەكەی بەدەستبهێنێت، بەڵام لە چین دەستی ناكەوێت و بەهۆی كۆت و بەندەكانی كۆرۆناشەوە ناتوانێت هاوردەی بكات، دەستكەوتنیشی لە كۆمپانیا كیمیاییەكان نرخی زۆر بووە و پێویستی بە رەزامەندی فەرمیش هەبووە كە بەدەستهێنانی چەندین ساڵی ویستووە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، باوكەكە بڕیار دەدات خۆی ئەو زانستە بخوێنێت و ئەو چارەسەر بەدەستبهێنێت لە ماڵەكەیدا، دوای خوێندنەوەی چەندین وتار و توێژینەوە و راپۆرتی ئەمریكی لە رێگەی بەكارهێنانی وەرگێڕەوە چونكە ئینگلیزی نەزانیوە سەركەوتوو دەبێت لەوەی تاقیگەیەك لە ماڵەكەیدا دروست بكات كە 3 هەزار و 100 دۆلاری تێچووە، سەرئەنجام سەركەوتوو دەبێت لە دروست كردنی ئەو مادەیە لە ماڵەكەی خۆیدا.
شو وی چارەسەرەكەی لەسەر كەروێشك و دواتریش لەسەر خۆی تاقیكردووەتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزراوی دواتر بۆ كوڕەكەی بەكاریهێناوە، هەروەها كوڕەكەی بردووەتە نەخۆشخانە بۆ پشكنین لەترسی كاریگەری لاوەكی مەترسیداری دەرمانەكەی، هەروەها توانیویەتی چارەسەری "ئیلیسكلۆمۆڵ" دروست بكات كە بۆ چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشیەی كوڕەكەی هەیەتی بەكاردەهێنرێت.
ئەو باوكە چینییە، نەیتوانیوە بە دەرمانەكەی كوڕەكەی بە تەواوەتی چاك بكاتەوە بەڵام توانیویەتی رێگە لە زیاتر خراپبوونی نەخۆشیەكەی بگرێت و لە ژیاندا بمێنێت، بەهیوای ئەوەی لە داهاتوودا پێشكەوتنی زانستی بۆماوەیی بتوانێت كوڕەكەی رزگار بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group