گەورەترین بونەوەری سەر زەوی رۆژی چەند تۆن خواردنی پێویستە؟

04/11/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، گەورەترین بونەوەری سەر زەوی كە نەهەنگی شینە، رۆژانە پێویستی بە 16 تۆن خواردن هەیە و لە یەك ساڵدا هەزار و 600 تۆن خواردن دەخوات.
بەپێی توێژینەوەكە كە پێگەی "ruetir" بڵاویكردووەتەوە، نەهەنگی شین كە بە گەورەترین گیاندار دادەنرێت  زەوی بەخۆیوە بینیبێتی،  رۆژانە پێویستی بە 16 تۆن خۆراك هەیە، كە خواردنی بریتییە لە ماسی وردی ناسراو بە "كاریل".
بەپێی توێژینەوەكە، لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2019  توێژەران رۆژانە چاودێری 321 نەهەنگیان لە هەردوو زەریای ئەتڵەسی و هێمندا كردووە و دەركەوتووە سێ‌ هێندەی ئەو خواردنە دەخۆن كە پێشتر باس دەكرا.
لای خۆیەوە ماسیۆ سافوكا زانای زیندەوەرزانی دەریایی لە زانكۆی "ستانفۆرد" باسی لەوە كردووە، پێشبینی ئەو بڕە زۆرەی خواردن ناكرێت، بەڵام قەبارەی نەهەنگەكان زۆر گەورەن و نەهەنگی شین بە هێندەی قەبارەی فڕۆكەیەكی "بۆینگ 737" دەبێت.
درێژی نەهەنگی شین دەگاتە 33 مەتر و كێشی دەگاتە 200 تۆن، ئەوەش لە دایناسۆرە زەبەلاحەكان گەورەترە، بەپێی زانیاریەكان، بە درێژایی ساڵ خواردن ناخۆن و لە ساڵێكدا تەنها 100 رۆژ دەخۆن، كە ئەویش وەرزی گەشەكردنی هاوینەییە و پاشماوەی ساڵ خولی برسی بوونیان هەیە و زۆر كەمتر دەخۆن.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group