راوێژكاری نوێی هێزەكانی بەریتانیا سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات

25/01/2022 عێراق

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیكردوە لە كۆڵۆنێل رۆب درایڤەر راوێژكاری نوێی باڵای بەرگری حكومەتی بەریتانیا لەهەرێم و وەفدی یاوەری .
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو كۆبونەوەیەدا دوایین جموجوڵەكانی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەو ئامادەسازی و سەنگەرسازیەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و دوایین پەیوەندیەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عیراق تاوتوێكراوە.
هەروەها راشگەیەنراوە، لەو كۆبونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندوە: پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی جدی گرتۆتەبەر لەقۆناغی دڵخۆشكەردان و هەوڵەكانیان بۆ چاكسازی ریشەییە لە وەزارەت و تەواوی سێكتەرەكان. 
لەلایەن خۆشیەوە رۆب وێڕای پاڵپشتی سەربازی وڵاتەكەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، دڵخۆشی خۆی دەربڕیوە لە پرسی چاكسازی و هەنگاوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەیی لەناو هێزی پێشمەرگەدا هیواشی خواستوە پەیوەندیەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عیراق بەرەو پێشەوە بچێت و هەنگاوی گەورە بنێن بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group