ترامپ: FBI گەمارۆی ماڵەكەیان داوم و داگیریان كردووە

09/08/2022 جیهان

نەوا-
نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا "FBI" هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە و ناوبراویش دەڵێت، ماڵەكەی داگیر كراوە.
دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە رووداوەكە رایگەیاندووە، نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەی لە فلۆریدا و لە ئێستادا گەمارۆ دراوە و داگیر كراوە، پێشتر شتێكی لەو جۆرە دژی هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا نەكراوە.
ترامپ رونیشیكردووەتەوە، ژمارەیەكی زۆر كارمەندی FBI گەمارۆی ماڵەكەیانداوە و  ئەو كارە خراپی مامەڵەكردنە لەلایەن داواكاری گشتییەوە و بەكارهێنانی سیستمی دادوەرییە وەك چەكێك، هەروەها هێرشێكە لەلایەن دیموكراتەكانەوە كە نایانەوێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بپاڵێوێت.
سەرۆكی پێشووی ئەمریكا هۆكارەكەی ئاشكرا نەكردووە بەڵام كوڕەكەی ئاماژەی بەوەداوە، كە لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانە لەسەر رووداوی گواستنەوەی تۆمارە فەرمییەكانی سەرۆكایەتی لە كۆشكی سپییەوە بۆ ماڵەكەی خۆی، ئەو كاتەی سەرۆكی ئەمریكا بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group