ژمارەیەك خێزان لە كەمپی ئەلهولەوە بۆ جدعە دەگوازرێنەوە

10/08/2022 عێراق

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بەچەند كاروانێك ژمارەیەك لە دانیشتوانی كەمپی ئەلهول لە سوریا دەگوازنەوە بۆ كەمپی جدعە لە عیراق.
عەلی عەباس وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاندوە، لەمساڵدا 500 خێزانی دانیشتوی كەمپی ئەلهول بەچەند كاروانێك دەگوازنەوە بۆ جدعەو لە ئێستادا كاروانێك كە ژمارەیان نزیكەی 153 خێزان بوو گواستراونەتەوەو لە چەند رۆژی داهاتوودا كاروانی دووەمیش كە نزیكەی 150 خێزانن دەگوازنەوە.
راشیگەیاندوە، زۆرینەی ئەوانەی دەگوازرێنەوە پێكهاتون لە بەتەمەنەكان و نەخۆشەكان، تیمی پزیشكی لەگەڵیاندا دەبێت، ئەوانەی دەمێننەوە تا كۆتایی ساڵ هەمویان دەگوازرێنەوە.
وتەبێژی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ئاماژەشیكردوە، ئۆتۆمبێلی تایبەت و خشتەیەك بۆ گواستنەوە ئامادەكراوەو پرۆسەكەش پشتبەستوە بەچەندین رێكار لەوانە، رەوشی لایەنی سوریاو دواتر ئامادەكارییەكانی عیراق، ئەوانەی لە كەمپی ئەلهولن لە دانیشتوانی پارێزگاكانی ئەنبارو سەڵاحەدین و نەینەوا پێكهاتون و بەسەر پارێزگاكانی خۆیاندا دابەشدەكرێن، هەروەها ماوەی گواستنەوەكەش 4 بۆ 6 مانگ دەخایەنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group