كۆشكی سپی: هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی روسیا چەكی ئەتۆم بەكاربهێنێت

27/09/2022 جیهان

نەوا-
ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جەخت لەوە دەكاتەوە، هیچ جوڵەیەكی روسیا نەبینراوە كە بیسەلمێنێت ئەو وڵاتە نیازی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی هەیە.
كارین جان بییر وتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەوەی كە ئایا ئەگەری هەیە روسیا چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت وتی، تاوەكو ئێستا هیچ جوڵەیەكی مۆسكۆیان نەبینیوە كە بیسەلمێنێت نیازی بەكارهێنانی ئەو چەكەی هەیە.
رونیشیكردووەتەوە، هەڕەشەكانی روسیا بۆ بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكە بە جدی وەردەگرن، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی كە هێزی ئەتۆمی ئەو وڵاتە لەم كاتەدا ئامادەكاریی بكات.
وتەبێژەكەی كۆشكی سپی ئەمریكا جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان ئامادەن كە سزای ئابوریی زیاتر بەسەر روسیادا بسەپێنن، ئەگەر هاتوو هەردوو كۆماری "دۆنیسك" و "لۆگانسك" و كەرتەكانی "خیرسۆن" و "زابۆرۆجیا"ی رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا بخاتە سەر وڵاتەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group