جارێكی تر "گریندایزەر" دەستپێدەكاتەوە

01/10/2022 هەمەڕەنگ

نەوا
دوای 49 ساڵ لە وەستانی، بڕیارە جارێكی تر زنجیرە فیلم كارتۆنی خەیاڵی زانستی "گریندایزەر" دەست پێبكاتەوە، كە پێشتر لەناو جیهانی عەرەبی و كوردیدا ناوبانگێكی زۆری هەبوو.
گریندایزەر بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1975دا بەرهەمهێنرا و 74 زنجیرەی لێدەركرا و دواتر وەستێنرا، ئەو زنجیرە فیلم كارتۆنە لە نیشتمانی عەرەبی و لەناو كوردیشدا هەوادارێكی زۆری هەبوو و تاوەكو ئێستا لە یادەوەری خەڵكێكی زۆردا ماوەتەوە.
لای خۆیانەوە كۆمپانیای "مانگا" و كۆمپانیای "داینامیل پلاننگ" كە خاوەنی بەرهەمەكەیە بڕیاریانداوە، دووبارە دەستبەكەنەوە بە بەرهەمهێنانی ئەو زنجیرە كارتۆنیە، بەڵام بەشێوازێكی نوێ و لەژێر ناوی "پرۆجێكت جی"، كۆمپانیاكە ئەوەی بڵاوكردووەتەوە، دەرفەت بۆ هەوادارانی گریندایزەر لە جیهاندا دەڕەخسێنێت كە دیزاینی كەشتییەكی ئالی بكەن كە لە بیرۆكەی كەشتی بونەوەرە ئاسمانییەكان وەرگیراوە كە ناسراوە بە "یۆفۆ" تاوەكو لە پرۆژە نوێكەیاندا بەكاریبهێنن.
چیرۆكی گریندایزەر باس لە كێشمەكێشی نێوان شەڕ و خێر دەكات، "فیگای گەورە" كە سەركردەیەكی گەردونییە نوێنەری شەڕە و ئامانجی كۆنترۆڵ كردنی هەسارەكانە، بەڵام لەلایەن تیمێكەوە لە رێگەی گریندایزەرەوە كە ئەویش لە هەسارەیەكی ترەوە كەوتووەتە سەر زەوی روبەڕووی دەبنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group