عەبدولستار مەجید: میسی نەیتوانی ئاستی خۆی نیشان بدات

22/11/2022 وەرزش

نەوا-
سەركەوتنی هەڵبژاردەی سعودیە بەرامبەر ئەرجەنتین لەمێژوی جامی جیهانیدا چاوەڕواننەكراو بوە، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش دەڵێت: نابێت هێزی بەرامبەر نادیدە بگیرێت.
پاشئەوەی هەڵبژاردەی سعودیە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە یەك گۆڵ سەركەوت بەسەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا، یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) رایگەیاند: بردنەوەی سعودیە لە ئەرجەنتین یەكێكە لە گەورەترین سەركەوتنە چاوەڕواننەكراوەكان لە مێژوی جامی جیهانیدا.
لەوبارەیەشەوە عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی هاندەری هیچ كام لە هەڵبژاردەكان نییە بەڵام دوو سەرنجی هەیە، یەكەمیان، بۆ هیچ كەس و تیمێك باش نیە تواناو هێزی بەرامبەر نادیدە بگرێت هەرچەندە پێی وابێت لاوازەو لە ئاست تواناو هێزی ئەودا نیەو خودای گەورەش فەرمویەتی هەرگیز كارو شتی خەڵك بە كەم تەماشا مەكەن.
عەبدولستار مەجید لەبارەی سەرنجی دوەمیشەوە دەڵێت: هەر كەس و تیمێك متمانەی بەخۆی هەبێت و بەرگری لەخۆی بكات بێگومان دەتوانێت دەستكەوتەكانی بپارێزێ و بە ئامانجەكانیشی بگات، وێڕای ئەوەش ئەرجەنتینیش لەبەر هەر هۆكارێك بێت نەیتوانی ئاستی خۆی نیشان بدات بەتایبەت لیۆنێل میسی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group