نەوا-
نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عیراق دەستپێكردنی پرۆژەی تەندروستی خێزانە گوندنشینەكانی باشوری عیراقی راگەیاند.
لە راگەیەنراوێكدا هاتوە، نزار ئامێدی پڕۆژەیەكی دەستپێكرد بۆ گونجاندنی خێزانە گوندنشینەكانی باشوری عیراق لەگەڵ كەمی ئاو كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا دروست دەبێت لەڕێگەی بەهێزكردنی ژنانەوە كە فاكتەری گۆڕانكاری و چارەسەركردنی پەیوەندی نێوان خۆراك و وزە و ئاون بە پشتیوانی حكومەتی عیراق.
ئامێدی لە وتارێكدا لە میانی مەراسیمی دەستپێكردنی پڕۆژەكەدا رایگەیاند، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بەهێزكردنی رێوشوێنەكانە بۆ گونجاندن لەگەڵ كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، بەتایبەتی لەسەر ئەو پێكهاتە گوندنشینانەی كە زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت لەبەرئەوەی ئەم كاریگەرییانە پەیوەندییان بە واقیعی كۆمەڵایەتی، ئابوری و تەندروستی ئەم كۆمەڵگایانەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، جێبەجێكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە تیشك دەخاتە سەر كشتوكاڵ بە هێنانەكایەی تەكنیك و میكانیزمی سەردەمیانە، ئەم چالاكیانە لەگەڵ ئاراستەكانی عیراق بۆ گۆڕانی كەشوهەوا و پابەندبونەكانی لە رێككەوتنی كەشوهەوای پاریس و گەیشتنە بە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و بەرەنگاربونەوەی هەژاری.