دوكەڵی ئاگری دارستانەكانی كەنەدا هەموو سنورێكی تێپەڕاندووە

10/06/2023 جیهان

نەوا - 
دوكەڵی ئاگری دارستانەكانی كەنەدا هەموو سنورێكی تێپەڕاندووە و ئاسمانی چەند ولایەتی ئەمریكای داپۆشیوە، بەرەو ئەوروپاش گەیشتووەتە سنورەكانی نەرویج و شارەزایانیش هۆشداری لە گۆڕانكارییە ژینگەییەكان دەدەن.
بەپێی زانیارییەكان، دوكەڵی ئاگری دارستانەكانی كەنەدا ولایەتەكانی نیویۆرك و ڤێرجینیای لە ئەمریكا داپۆشیوە هەروەها بەرەو سنورەكانی ئەمریكای باكور دەڕوات و بەرەو ئەوروپاش كشاوە و لە نەروجیج نزیك بووەتەوە.
لای خۆیەوە ئەیمەن قدوری ئەندامی یەكێتی جیهانی بۆ پاراستنی ژینگە وتویەتی، پێویستە دەوڵەتان رێگاكانی خۆپارێزی درێژمەودا بگرنەبەر، چونكە غازە ژەهراوییەكانی ئەو ئاگرە مەترسیدارن.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو دوكەڵە 250 پێكهاتەی غازیی ژەهراوی تێدایە، ئەوەش بەهۆی شیبوونەوە پێكهاتە سوتاوەكان، دیارترینشیان یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنە كە بەخێراییەكی زۆر بڵاودەبێتەوە، ئەو غازەش مرۆڤ ناتوانێت بۆنی بكات، ئەوەش مەترسییەكانی چەند هێندە دەكات و كاریگەری لەسەر رێژەی ئۆكسجین لە خوێندا هەیە و دەبێتە هۆی لەهۆشخۆچوون و گیانلەدەستدان.
ئەمساڵ بە یەكێك لە خراپترین وەرزەكانی كەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەكانی كەنەدا هەژمار دەكرێت و سەدان پیاوی ئاگركوژێنەوە سەرقاڵن بە كوژاندنەوەی ئاگرەكە، زیاتر لە 400 ئاگر كەوتووەتەوە و 3 ملیۆن و 800 هەزار هێكتار دارستان سوتاون و سەدان هەزار كەس ناچار بوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن، هەروەها كێشەی هەناسەدان بۆ ملیۆنان كەس دروستبووە و هەزاران گەشتی ئاسمانی دواخراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group