كەشوهەواو شەڕ پرسە گرنگەكانی كارنامەی داڤۆسن

15/01/2024

نەوا-
پێشبینی دەكرێت چوار رێڕەوی سەرەكی هەبن كە زاڵ بن بەسەر كارنامەی 54هەمین دانیشتنی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی كە 15-1 لە شاری داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت.

 رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، ململانێ، شەڕی ساردی نوێ، كەشوهەوا و ئاژاوەگێڕی، یان ئەگەری رودانی ئەوان لە ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد لە پێشەنگی كارنامەی كۆڕبەندی ئابوری جیهانین و كاریان لەسەر دەكرێت، هەروەها خەونی كۆڕبەندەكە بۆ جیهانێكە كە چێژ لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و جیهانگیری وەربگرێت بەهۆی پێشهاتەكانی ئەم دواییەوە.
رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بەوە كردوە كە دو مەترسی راستەوخۆ هەن كە زاڵن بەسەر راپۆرتی ساڵانەی مەترسییە جیهانییەكان كە لەلایەن كۆڕبەندی ئابوری جیهانیەوە دەردەچن ئەمانە ترسی بەكارهێنانی زیرەكی دەستكردو گەرمبونی جیهانن.
كلاوس شواب سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئابوری جیهانی هەفتەی رابردو رایگەیاند، لەگەڵ زیادبونی دابەشبونە كۆمەڵایەتییەكان روبەڕوی جیهانێكی دابەشبو دەبینەوە كە دەبێتە هۆی نادڵنیایی و رەشبینی بەربڵاو، دەبێت متمانە بە داهاتومان دروستبكەینەوە بە تێپەڕین لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و سەیركردنی رەگ و ریشەی هۆكارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستاو پێكەوە داهاتویەكی گەشاوەتر بنیات بنێین.


ئۆكرانیاو سویسرا میوانداری كۆبونەوەی 120 راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی جیهانی دەكەن لە داڤۆس، ئەمەش بەشێكە لە زنجیرەیەك هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ پلانی ئاشتی ئۆكرانیا.
بڕیارە لەساڵی 2024دا زیاتر لە 60 سەرۆكی دەوڵەت و حكومەت بەشداری لە داڤۆس بكەن، لەوانە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و خافێر مایلی ئەرجەنتینی، هاوكات شی جین پینگ سەرۆكی چین بەشداری ناكەن و وڵاتەكەی شاندێكی گەورە بە سەرۆكایەتی لی كیانگ سەرۆك وەزیرانی چین دەنێرێت .
چالاكییەكانی پەنجاو چوارەمین دانیشتنی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری داڤۆسی سویسرا دەستپێدەكات، لەژێر دروشمی (بنیاتنانەوەی متمانە) بۆ تاوتوێكردنی گرنگی چەسپاندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ داهاتو لەناو كۆمەڵگاكاندا، لە نێوان وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای شەفافیەت و بەردەوامی و لێپرسینەوە.

ئامادەكردنی/ رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group