نەوا-
لەشاری هەولێر رێوڕەسمێكی تایبەت بەبۆنەی رۆژی ئاوی وڵاتی چیك سازدەكرێت و تیایدا پاراستنی سامانی ئاو و بەرهەمێنانی ئاو لە كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، بە ئامادەبونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و كارڵ كۆرتانیك كونسوڵی كۆماری چیك لەهەولێرو وەزیران و كاربەدەستانی تری حكومەتی خۆجێی و كۆمپانیا چیكییەكان، لەهەولێر رێوڕەسمێكی تایبەت بە (رۆژی ئاوی وڵاتی چیك) بەڕێوەچو.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، لەو رێوڕەسمەدا هەریەك لە وەزیری شارەوانی و وەزیری كشتوكاڵی هەرێم و كونسوڵی چیك وتاریان پێشكەشكردوەو تیشكیان خستوەتە سەر هەوڵەكان بۆ پاراستنی سامانی ئاو و بەرهەمێنانی ئاو لەكوردستان، ئومێدیشیان خواستوە ئەم دیدارە سەلمێنەری پتەوی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و وڵاتی چیك بێت و ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو گەلی كوردستان و گەلی چیك لە سەرجەم سێكتەرە جیاجیاكاندا.