نەوا-
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كێشەی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەهەڕەشەكردن چارەسەر نابێت.
پاشئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، چیتر دواخستنی موچە قبوڵ ناكەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش 50 بە 50 پێكناهێنن، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆڕبەندی دێلفی لەشاری سلێمانی لەپرێس كۆنفرانسێكدا وتی: رێزم هەیە بۆ مەسعود بارزانی زۆر دەمێكە حكومەتی 50 بە 50 پێكنەهێنراوە ئیتر نازانم بۆچی ئەم بابەتە هەر باس دەكرێتەوە، نایەتەوە بیرم كە كۆتا حكومەت پێكهێنرابێت 50 بە 50 بوبێت.
لەبارەی دواخستنی موچە لەلایەن بەغداوە قوباد تاڵەبانی وتی: بەئەزمونی خۆم لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا كە لەناو دانوستانەكان بوم گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی كە بە پەیوەندییەكی بەردەوامی بێ دابڕان دەتوانن بگەنە چارەسەر لەگەڵ كێشەكانیاندا، بە هەڕەشەو پەیامی توندو دروستكردنی ئیستفزازی لەلایەن بەغداوە بەرامبەر بە هەرێم و بە پێچەوانەشەوە هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكرێت، یەكێك لە پەیامەكانی كۆڕبەندی دێلفی ئەوەیە چۆن بتوانرێت كێشەی گەورەو جیهانی و هەرێمی و ناوخۆیی و لەرێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت.
وتیشی: بە بەرداوامبونی سەردانی شاندەكانیش روندەبێتەوە كە ئەو داهاتانە كامانەن كە فیدراڵین و پێویستە بگەڕێنرێنەوە بۆ بەغدا.