وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و گەرەنتی چونی حاجیانی كوردستان بۆ عەرەبستانی سعودیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج گەیشتنە رێككەوتن كە گەشتی حەجی ئەمساڵ هاوشێوەی حاجیانی عیراق تەنها بە رێگەی وشكانی بێت.
وەزارەتی ئەوقاف راشیگەیاندوە، بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتو حاجیانی هەرێمی كوردستان بە رێگەی وشكانی گەشت بكەن و لە رۆژانی داهاتودا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق شێوازو رێككارەكانی چونی حاجیانی كوردستان رێكدەخرێت و بڵاودەكرێتەوە.
وەزارەتی ئەوقاف ئەوەشی وتوە كە هەمو هەوڵێك دەدون لە رێگەی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراقەوە هاوشێوەی قەرەبوی حاجیانی پارساڵ بۆ ئەمساڵیش مافی هاووڵاتیانیان بۆ بگەڕێننەوە بەپێی ئەو خەمڵاندن و میكانیزمەی دەستەی باڵای حەج بۆی دەكات.