راگەیەنراوی كۆبونەوەی پیرمام: بڕیارەكەی بەغدا سیاسییە دژ بە قەوارەی هەرێمە

2 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
لەدوای كۆبونەوەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام سەبارەت بە راگەیاندنی هەڵوێستیان بەرامبەر بە مامەڵەكردنی حكومەتی بەغدا، راگەیەنراوێك بڵاوكرایەوە.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتوە، هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان كۆبونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامداوە بەمەبەسیی تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی كوردستان و عیراق و كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی دوا بڕیاری نادەستوری و نایاسایی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و راگرتن و نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دوای گفتوگۆكردن و راگۆڕینەوەی پێویست لەسەر ئەم بابەتە، هەمو لایەنەكان هاوڕابون لەوەی كە ئەم بڕیارە بڕیارێكی سیاسییە دژ بە ئیرادەی گەلی كوردستان و قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، بەپێی دەستوری هەمیشەیی عیراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای فەرمانبەران و موچەخۆرانی عیراق و رێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، پێویستە حكومەتی فیدراڵی پابەند بێت بەئەرك و ئیلتیزاماتی خۆی بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و مافی موچەخۆرانی هەرێم تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكات، هەروەها حكومەتی فیدراڵ دور بكەوێتەوە لە سیاسەتی برسیكردن و فشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوەی ئەم سیاسەتە جگە لە قوڵكردنەوەی گرفتەكان نادیدەگرتنی گۆڕانكارییە زۆرو خێراكانی ناوچەكەشە بۆیە لەبەرژەوەندی هیچ لایەكدا نابێت.
ئاماژەشیانكردوە، وەك هێزو لایەنە سیاسییەكانی گشت پێكهاتەكانی كوردستان وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ خۆڕاگریی موچەخۆران و فەرمانبەرو پێشمەرگەو مامۆستایان و گەلی سەربەرزی كوردستان بەگشتی، دوپاتیدەكەنەوە كە هەڵوێست و بڕیارو هەنگاوەكانیان بەئاڕاستەی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستان دەبێت و بژاردەی گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین رێگەچارە دەزانن بۆ ئەم قۆناغە، لەهەمانكاتدا گشت بژاردەكان بەكراوەیی دەبینن لەبەردەمیان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group