عراقچی: داوا لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین دەستپێشخەری بكات بۆ راگرتنی شەڕ

15/06/2025 جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ باڵیۆزو دیپلۆماتكارانی وڵاتانی ئەوروپا لە ئێران كۆبوەوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەوە ئاژانسەكانی ئێران بڵاویانكردوەتەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە، ئیسرائیل پابەندی هیچ سنورێك نیەو پێشێلكاری یاسا نێودەوڵەتیەكان دەكات و ژن و منداڵی بێتاوان لەفەڵەستین دەكوژێت، هەروەها پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە غەزە تێدەپەڕێنێت، ئێستا هێڵێكی نوێی سوری بەزاندوە لە رێگەی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان كە كارێكی رێگەپێنەدراوە لە هەر بارودۆخێكدا بێت.
عراقچی نیگەرانی خۆشی نیشانداوە لە بێدەنگی ئەنجومەنی ئاسایش و سوپاسی ئەوانەشی كردوە كە ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیلیان كردوەو وتوشیەتی، جێی داخە كە وڵاتانی ئەوروپا لەجیاتی ئیدانەی ئیسرائیل بكەن لۆمەی ئێرانیان كردوە.
عراقچی راشیگەیاندوە، هێرشەكانی ئێران بەرگریكردن بوە لەخۆیان، ئیسرائیلیش دەیەوێت شەڕەكە بگوازێتەوە بۆ كەنداو كە ئەمەش هەڵەیەكی ستراتیجیە ئامانجەكەشی گواستنەوەی شەڕەكەیە بۆ دەرەوەی خاكی ئێران لەكاتێكدا هەر درێژكردنەوەیەكی كاریگەریی لەسەر جیهان بەگشتی دەبێت، بۆیە گەشبینن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستپێشخەریەك بكات بۆ راگرتنی ئەو تاوانانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group