نەوا-
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ئاشكرایدەكات، ئەو كەم ئاوییەی ئەمساڵ سەریهەڵداوە لە مێژووی عێراقدا مەترسیدارترینە.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، پلانیان هەیە 10 بەنداو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاویی دروست بكەن بۆ گلدانەوەی لافاو و باراناو، بە تایبەتیش بۆ زیادكردنی ئاوی ئەمباركراو لەو پارێزگایانەی كە بە تەواوی پشت بە ئاوی ژیر زەوی دەبەستن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، 12 پارێزگا بە تەواوی پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، بەڵام بە هۆی ناڕێكی و پابەند نەبوون بنەما زانستییەكانی بیرلێدان و دابەشكردنی، ئەوانیش ڕووبەڕووی كێشە بوونەتەوە.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان باسی لەوەشكرد، كەم ئاوییەكەی ئەمساڵ بە درێژایی مێژووی عێراق بە مەترسیدارترین دادەنرێت.