نەوا-
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامداو رێككەوتنی نوێی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان پەسەند كردو بڕیاری ناردنی موچەیدا.
لە كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق گفتوگۆی بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە نوێیەی كرد كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند كرا، دوای خستنەڕوی سەرجەم بڕگەكانی پەسەند كرا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، حكومەتی عیراق موچەی فەرمانبەران رەوانە دەكات و لە هەرێمی كوردستانیشەوە داهاتی نانەوتی مانگەكانی 5 و 6 رەوانەی بەغدا دەكرێت.
هەر لەكۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا، حكومەت فیدراڵ بڕیایدا ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی رابگەیەنێت بەبۆنەی ئاگركەوتنەوەی هایپەرماركێتی پارێزگای كوت كە بە دەیان قوربانی لێكەوتەوە.
دەقی رێككەوتننامەی نێوان هەردو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان:-
یەكەم: دۆسیەی نەوت
1- حكومەتی هەرێم دەستبەجێ دەستدەكات بە رادەستكردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتو لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ مەبەستی هەناردەكردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ هەر بەرمیلێك كەبەپێی یاسای هەمواركردنەوەی بودجە وەریدەگرێت، پێشەكییەكی 16 دۆلار دەداتە حكومەتی هەرێم بەمەرجێك بڕی وەرگیراو كەمتر نەبێت لە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە وە هەر زیادبونێكی بەرهەمهێنان لەڕێگەی لیژنەی پێوانەسازی بۆی زیاد دەكرێت لە ئەگەری وەستانی هەناردەكردن بە هەر هۆكارێك تەواوی ئەو بڕە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت.
2- رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان دەكرێت، بەمەرجێك حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە خەرجكردنی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ ئەم بڕە، داهاتی فرۆشتنی وەرگیراوەكانی نەوت دوای لێبڕینی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاڵاوتنی نەوت بۆ گەنجینەی فیدراڵی تەرخان دەكرێت. لە ئەگەری ئەوەی هەرێم پێویستی پێی بێت وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی پێویست بڕی بەرهەم بۆ هەرێم دابین دەكات كە لە بەرهەمی پاڵاوتنی 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێكدا زیاتر نەبێت. لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێویستی راستەقینەی هەرێم بە بەرهەمە نەوتییەكان بۆ مەبەستی تەرخانكردن هەڵدەسەنگێنن، هەروەها راپۆرتەكە لەماوەی دوو هەفتەدا رادەستی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەكات بۆ بڕیاردان.
دووەم: داهاتی نانەوتی
1- حكومەتی هەرێم بڕی خەمڵێنرا بە (120) ملیار دینار بۆ پشكی گەنجینەی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەكان بۆ مانگی ئایار رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەكات، ئەم بڕە پارەیە دوای تەواوبونی وردبینییە بەپێی بڕگەی (2)ی خوارەوە یەكلایی دەكرێتەوە.
2- گروپێكی كاركردن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دەستەی باڵای وردبینی هەرێم بۆ پۆلێنكردن و وردبینیكردنی داهاتە نانەوتییەكان و دیاریكردنی پشكی حكومەتی فیدراڵی لێیان پێكدەهێنرێت كە لەمانگی ئایاری 2025ـەوە دەستپێبكات و بەهای رێژەی داهاتی نانەوتی لەبەرچاو بگیرێت بەپێی میزان موراجەعە كە لە راپۆرتەكانی نێوانیاندا ئاماژەی پێكراوەو لەلایەن دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی و دەستەی وردبینی باڵای هەرێم بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی، تیمەكە لەماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتێك پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەكات بۆ پێداچونەوەی.
3- لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم پێكدەهێنرێت بۆ تەواوكردنی تەوتینی موچە لە هەرێم، بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی. كارەكانی ئەم لیژنەیە لە ماوەی سێ مانگ زیاتر نەبێت ئەركی خۆی تەواو دەكات. پارەدان لە كۆتایی ئەم ماوەیەدا تەنها بۆ موچەی ناوخۆیی دەبێت.
4- تیمێك لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی پێكدەهێنرێت بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دەستەی باڵای وردبینی هەرێم، بۆ دیاریكردنی بڕی زیادە خەرجییەكانی هەرێم و چۆنیەتی چارەسەركردنی بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023-2024-2025. ڕاپۆرتی لیژنەكە لە ماوەی زۆرترین ماوەی دوو هەفتەدا پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەكرێت.
5- وەزارەتی دارایی دەست دەكات بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ئایار، وەك سەرەتای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و كۆمپانیای سۆمۆ رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی تەواوی بڕی ئەو نەوتە دا كە لە بڕگەی یەكەمدا ئاماژەی پێكراوە كە لەئێستادا 230 هەزار بەرمیلە لەڕۆژێكدا بۆ بەندەری جەیهان.