سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا: بەكرێدانی بڕوانامە حەرامە

12 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند، نوسینەوەی ماستەرو دكتۆرا بۆ كەسانی دیكەو بەكرێدانی بڕوانامە جائیز نیەو حەرامە.
حەسەن موفتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەهەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، پێشتر فەتوایان دەركرد لەبارەی كڕین و فرۆشتن بە شوققەو خانو، ناكرێت كڕین و فرۆشتنێك بكرێت كە بونی نەبێت ئەوەیان تەنها بۆ دەستی یەكەم دروستە، بەڵام بۆ دەستی دوو و سێ رێگەپێدراو نیەو دروست نییە، هەر كاتێك بوە هەیكەل یاخود رادەست كرا ئەوكات دەتوانرێت بفرۆشرێتەوە.
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا رونیشیكردوەتەوە، بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا ئەمانەتێكە پێویستە خاوەنەكەی توانای خۆی سەرف بكات و ناكرێت كەسێك لە شوێنی كەسێكی دیكە ماستەر یاخود دكتۆراكەی بۆ ئامادە بكات، دەكرێت یارمەتی بدات لە نوسینەوەو تایپكردن یاخود رێنمایی یان ئامۆژگاری، بەڵام نوسینەوەی حەرامەو نابێت كڕین و فرۆشتنی پێ بكرێت، هەیە پارە بە كەسێك دەدات بۆئەوەی ماستەر یاخود دكتۆراكەی بۆ ئامادە بكات و ئەویش لەسەر حازری وەریبگرێت لەبەرامبەر پێدانی بڕێك پارە، ئەوەیان حەرامە.
راشیگەیاندوە، هەروەها بەكرێدانی بڕوانامەش دروست نییەو پێویستە خاوەنەكەی خۆی لەگەڵ بڕوانامەكە بێت و توانای خۆی لەگەڵ بێت نەك بڕوانامەكەی بەكرێ بدات و ئەوانیش كۆلیژێك یاخود بەشێكی زانستی بەبڕوانامەی ئەو بكەنەوە ئەوەیان دروست نییەو حەرامە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group