پارێزگاری سلێمانی: جینۆساید بەرهەمی ستەمكاری و پاكتاوكردن و سڕینەوەی ئەوانی ترە

9 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەدوەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی كوردو رەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەرو میدیادا، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەو هیوایەن كە پاكتاوكردنی كورد لەلایەن دوژمنانەوە وانەی ئەوەی فێركردبێتن كە گرنتی چەندبارەنەبونەوەی جینۆساید یەكبونی نیشتمانیانە. 
بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و لاوان و بەئامادەبونی توێژەران كەسایەتییە رۆشنبیرییەكان و شارەزایانی حەوت وڵاتی جیهان لەسلێمانی دوەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی كورد دەستیپێكرد كە تیایدا لەماوەی دوو رۆژدا 28 توێژینەوەی زانستی پێشكەش دەكرێت.
 لەو كۆنفرانسەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند، جینۆساید بەرهەمی ستەمكاری و خۆسەپێنی و تاكڕەوی و پاوەنخوازی و پاكتاوكردن و سڕینەوەی ئەوانی ترەو هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی یادەورییەكان، ئەوەی لەلایەن رژێمی پێشوەوە بەرامبەر بە كورد كرا تەنها جینۆساید نەبو، بەڵكو بەكۆی پرۆسەكان پێكەوە هەوڵی لەناوبردنی جوانییەكانی كوردستان دراوە بە سروشتەكەشییەوە.
وتیشی: پێویستە وەك رەوەندی كوردی هەموان پێكەوە كاربكەن تاوەكو بەشێوەیەكی فەرمی لەسەر ئاستی جیهان پرۆسەی جینۆساید لەسەر ئاستێكی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێنرێت و كاربكەن بۆئەوەی خزمەت بە وارسی ئەنفالكراوان بكەن و وەك نمونەیەكی گەورەی بەرگریی سەیریان بكرێت و هەمیشە بیانخەنە پێشەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group