سەرۆكایەتی داواكاریی گشتی: پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ روداوەكەی سلێمانیدا بكرێت

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەسەر روداوەكانی پارێزگاری سلێمانی سەرۆكایەتی داواكاریی گشتی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو هۆشداریشیدا لە ئاڵۆزكردنی زیاترو لێكەوتەكانی روداوەكە. 
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتیدا هاتوە، یەكێك لەئامانجی سەرەكی یاساكان بریتیە لەپاراستنی ماف و ئازادییەكان و ئاسایشی هاوڵاتیان، پێویستە هەمو كەسێك پابەندی یاسا بێت و كەس لە سەروی یاسا نەبێت، بۆیە پاڵپشت بەو ئەركە یاساییەی كە دەزگای داواكاری گشتی هەیەتی لەپاراستنی سیستمی هەرێم و پاراستنی ســەروەری یاساو چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكان، جەختدەكەنەوە كە لەكاتی جێبەجێكردنی هەر فەرمان و بڕیارێكی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێویستە بەوپەڕی پەرۆشیەوە رەچاوی بنەما یاسایی و دەستورییەكان بكات لەپاراستنی گیان و كەرامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەكانی خودی تۆمەتباریش كە لە یاساو دەستوردا هاتوە.
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی راشیگەیاندوە، بۆ جێبەجێكردنی فەرمان و بڕیارەكانی دادگا یاسا رێوشوێنی ئەوتۆی دیاریكردوە كە نەبێتە هۆكاری پشێوی و نائارامی و زیانگەیاندن بەسامانی گشتی بەتایبەتی هاوڵاتیان، بۆیە جەخت لەسەر هەمو دەزگاكانی راگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەكەن كە بەشێوەیەكی بەرپرسانەو دور لەئاڵۆزكردنی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئەمڕوداوەو لێكەوتەكانی بكەن و فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی رادەسپێرن بۆ بەدواداچون بۆ روداوەكەو پاراستنی مافی هەموان لەچوارچێوەی یاساو دەستوردا.       
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی داواكاریی گشتیە:-
 
بەیاننامە 
وەك ئاشكرایە لای هەموو لایەك كە یەك لە ئامانجە سەرەكیەكانی یاساكان بریتیە لە پاراستنی ماف وئازادیەكان وئاسایشی هاوڵاتیان وپێویستە هەموو كەسێك پابەندی یاسا بێت وكەس لە سەرووی یاسا نەبێت. بۆیە وپاڵپشت بەو ئەركە یاساییەی كە دەزگای داواكاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم وچاودێری ڕەوایی (مراقبە المشروعیە) وپاراستنی ســەروەری یاسا وباش پیادەكردنی حوكمەكانی وچاودێری جێبەجێ كردنی بڕیارەكان بە پێی ماددە (١/یەكەم، چوارەم) لە یاسای داواكاری گشتی هەمواركراو، بۆیە جەخت دەكەینەوە كە لە كاتی جێبەجێكردنی هەر فەرمان وبڕیارێكی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێ كردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی ودەستوریەكان بكات لە پاراستنی گیان وكەڕامەتی هاوڵاتیان وپاراستنی سامانی گشتی وتایبەتی ومافەكانی خودی تۆمەتباریش كە لە یاسا ودەستوردا هاتووە.
بۆ جێبەجێ كردنی فەرمان وبڕیارەكانی دادگا، یاسا ڕێ وشوێنی ئەوتۆی دیاری كردووە كە نەبێتەهۆكاری پشێوی ونا ئارامی وزیان گەیاندن بە سامانی گشتی وتایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری ویاساییەكان وە هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان وكەڕامەت وئازادی هاووڵاتیان پارێزراو بێت.
لێرەدا جەخت لەسەر هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن وخاوەنی پەیج وهەژمارەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەكەین كە بە شێوەیەكی بەرپرسانە ودوور لە ئاڵۆز كردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە ولێكەوتەكانی بكەن.
فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١لەسەر ٢٠٢٥/٨/٢٢ وپاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا ودەستور.
     سەرۆكایەتی داواكاری گشتی
     ٢٠٢٥/٨/٢٥                                           

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group