نەوا-
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەرۆك وەزیرانی عێراقی تۆمەتبار كرد بە بەكارهێنانی سەرچاوە داراییەكانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن.
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (الڕابیعە) رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی هەر لەسەرەتاوە مەرجێكی سەرەكی داناوە كە نابێت سەرۆك وەزیران لە كاتی پۆستەكەیدا بەشداری كێبڕكێی هەڵبژاردن بكات، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەكارهێنانی سەرچاوەكانی دەوڵەت بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم مەرجە هەڵوێستی مەڕجەعی ئایینییشی لەسەرە، كە پێشتر بەكارهێنانی سامانی دەوڵەت یان كڕینی دەنگەكانی ڕەتكردبووەوە،وتیشی، حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان پابەند نەبوون بەم مەرجە، لەوانە حكوومەتی سوودانی، ئەمەش دۆخێكی ناهاوسەنگ دروست دەكات و كێبڕكێی هەڵبژاردن دەگۆڕێت بۆ نادادپەروەرانە.
مالیكی ڕوونیشیكردەوە، 10 كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كێبڕكێ دەكەن و چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو كەسەیە كە ژمارەی گونجاو دیاری دەكات و دەستێوەردانی لایەنە دەرەكییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران ڕەتدەكەنەوە.