ئیسرائیل: حەماس هاوكاریی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەكان نیشان نادات

4 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
سەرچاوە ئیسرائیلی و ئەمریكییەكان بە ئاكسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل ئیدارەی ترەمپی ئاگاداركردووەتەوە كە حەماس هاوكاریی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەكان نیشان نادات، پێیان وایە ئەمە گواستنەوە بۆ قۆناغی داهاتووی ڕێككەوتنی غەززە ئاڵۆزتر دەكات.
لە ڕاپۆرتەكەدائیسرائیل ڕوونیكردووەتەوە، ڕۆن دێرمەر، وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل، لە میانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ نێردراوەكانی ترەمپ، ستیڤ ویتكۆف و جارێد كوشنەر، حەماسی تۆمەتبار كردووە بەوەی "بە ئەنقەست پێیەكانی ڕاكێشاوە" لە گەڕاندنەوەی تەرمەكاندا
لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا حەماس لە ڕێگەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە تەرمی پێنج بارمتەی گەڕاندەوە، بەمەش كۆی ژمارەی بارمتە گەڕاوەكان بۆ نۆ لە كۆی 28 بارمتە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ڕێگریكردن لە قەیرانێكی نوێ لەسەر ئاگربەست.
لای خۆیەوە بزووتنەوەكە ڕایگەیاندووە، سەرجەم ئەو تەرمانەیان ڕادەستكردووە كە دەستیان پێگەیشتووە، لەكاتێكدا دیاریكردنی شوێنەكانی دیكە پێویستی بە "هەوڵ و كەرەستەی تایبەت" دەبێت.
بەرپرسێكی ئەمریكی پشتڕاستی كردەوە كە واشنتۆن "بەردەوامە لە كاركردن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە"، ئاماژەی بەوەشكرد، "هەموو تەرمەكان دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام ماوەیەك دەخایەنێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group