حەماس: كۆمەڵكوژییەكی ترسناك لە غەززە و خان یونس دەكرێت

3 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بە توندی سەركۆنەی ئەو كۆمەڵكوژییە ترسناكە دەكەین كە ئیسرائیل لە شارەكانی غەززە و خان یونس ئەنجامیدا و لە ئەنجامدا زیاتر لە 25 كەس لە فەڵەستین شەهیدكران كە منداڵ و ژنیشیان تێدابو.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتوە،ئەوان ئەم كۆمەڵكوژییە ترسناكە بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار دەزانین كە لە ڕێگەیەوە نەتەنیاهۆ تاوانباری جەنگ هەوڵدەدات كۆمەڵكوژی دژی گەلەكەیان دەستپێبكاتەوە.
بزوتنەوەكە بانگەشەكانی ئیسرائیلی ڕەتكردەوە كە هێزەكانیان تەقەیان لێكراوە و ڕایگەیاند، ئەوە هەوڵێكی لاواز و شەفافە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ تاوان و پێشێلكارییە بەردەوامەكان، لە دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەستەوە زیاتر لە 300 كەس كوژراون.
بزوتنەوەكە داوای لە ئیدارەی ئەمریكا كرد فشارێكی خێرا و جددی بكات بۆ سنورداركردنی داگیركاری ئیسرائیل و ناچاری بكات ڕێز لە ئاگربەست بگرێت و دەستدرێژیەكانی بۆ سەر گەلی فەلەستین ڕابگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group