كەشناسی: شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
كەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، شەپۆلێكی بەفر و باران ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن.
بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە كاریگەری شەپۆڵی بارانبارین و بەفربارین لەسەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێم تا كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. كەشناسی ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك بە تێكەڵی لەگەڵ باران هەیە.
هەر بەپێی پێشبینییەكان، لە كاتەكانی ئێوارەدا كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتایی دێت، بەڵام بۆ شەو هۆشداری دروستبوونی تەم دەدرێت كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی مەودای بینین . پلەكانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ (3 بۆ 5) پلە نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە كەشی سبەینێ پێنج شەممە رایگەیاند، كەشوهەوا بەرەو جێگیربوون دەچێت و لە كاتەكانی بەیانی ئاسمان نیمچە هەور بێت و لە ناوچە شاخاوییەكان نمە باران و لە ناوچە سنوورییەكان بەفرێكی كەم ببارێت، لە دوای نیوەڕۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور و پلەكانی گەرما لە ئاستی تۆماركراوەكانی ئەمڕۆدا جێگیر دەبن.
پێشبینی بەرزترین پلەكانی گەرمای پارێزگا و ناوچەكان:
هەولێر: 8 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 6 پلەی سیلیزی
دهۆك: 6 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 6 پلەی سیلیزی
كەركوك: 9 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 6 پلەی سیلیزی
سۆران: 2 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 0 پلەی سیلیزی

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group