بزوتنەوەی گۆڕان: دوای 15 ساڵ هێشتا داواكاریی خەڵك جێبەجێ نەكراون
4 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بزوتنەوەی گۆڕان لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ 15 ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی (17ی شوباتی 2011)دا تێدەپەڕێت، كە تێیدا خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان بۆ داواكردنی چاكسازی ڕیشەیی، دادپەروەری و حوكمڕانیی دروست، سەروەری یاسا و ژیانێكی شكۆمەندانە، لە ڕێگەی خەباتی مەدەنیەوە داواكاریەكانیان خستەڕو.
باسی لەوەشكرد، بەداخەوە، وەڵامی ئەو جوڵانەوە مەدەنی و حەقخوازە بە زەبری هێز درایەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك شەهید و بریندار و قوربانی لێكەوتەوە، ئێمە لەكاتێكدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید (ڕێژوان، شێرزاد، سوركێو، گەرمیان، بیلال، ئومێد و سەرجەم قوربانییان) دادەنەوێنین، جەخت لەسەر داواكارییە ڕەواكانیان بۆ بەرەوپێشبردنی سیستمی سیاسیی هەرێم دەكەینەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیندراوەكەیدا باسی لەوەشكردوە، لەم یادەدا، ئەوە بەبیر دەهێنینەوە، ئەو خواستە گشتیانەی 15 ساڵ لەمەوبەر خەڵكیان هێنایە سەر شەقام جێبەجێنەكراون و دۆخە سیاسیەكەش پێویستی بە دامەزراوەیكردن و بەهێزكردنی بنەماكانی حوكمڕانیە، بەتایبەت جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 2ی پەرلەمانی كوردستان، وەك وەڵامدەرەوەیەك بۆ داخوازیە ڕەواكانی خۆپیشاندەران.