دۆناڵد ترەمپ: سێ كاندیدی زۆر باشم بۆ سەركردایەتیكردنی ئێران هەیە

3 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، لیستێكی سێ كەسیی لەبەردەستدایە بۆ گرتنەدەستی سەركردایەتی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ئاشكرای كرد، سێ كاندیدی زۆر باشم بۆ سەركردایەتیكردنی ئێران هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو لە ئێستادا ناوەكانیان ئاشكرا بكات و ڕایگەیاند، سەرەتا دەبێت ئەركە سەربازییەكە تەواو بكەن و دواتر ناوەكان ڕادەگەیەنێت.
سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە هێرشەكان ئاشكرایكرد، سەدان ئامانجیان پێكاوە، لەوانە دامەزراوەكانی سوپای پاسداران، سیستەمەكانی بەرگریی ئاسمانی، نۆ كەشتی و بارەگایەكی سەرەكیی هێزی دەریایی ئێران.
هەروەها، ترەمپ داوای لە سوپای پاسداران، ئەرتەش و پۆلیسی ئێران كرد چەكەكانیان دابنێن بۆ ئەوەی پارێزبەندییان پێ بدرێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی "مەرگی حەتمی" دەبنەوە.
هاوكات، ترەمپ كوژرانی سێ سەربازی ئەمریكی لەو ئۆپەراسیۆنانەدا پشتڕاستكردەوە و پێشبینیشی كرد تا چوار هەفتەی داهاتوو  شەڕەكە بەردەوام بێت، زیانی گیانیی زیاتر لە ڕیزەكانی هێزەكانیاندا هەبێت. 
ترەمپ داواشی لە گەلی ئێران كرد، ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەكەیان و وتی: "ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵتان وەستاوە."

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group