عەبدوڵا ئۆجەلان: هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ كۆماری توركیا نییە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە نوێترین پەیامیدا كە لەلایەن شاندی ئیمڕاڵی (دەم پارتی) بڵاوكرایەوە رایگەیاندوەن هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كۆماری توركیا نییە، بەڵكو كێشەی سەرەكی لەوەدایە كە توركیا تاوەكو ئێستا نەبوەتە كۆمارێكی دیموكراسی.
ئۆجەلان سەبارەت بە بارودۆخی سوریا ئاماژەی بەوەداوە، سەرەڕای هەبونی هەندێك ئاستەنگ لە سوریا، بەڵام پێشهاتی ئەرێنی هاتونەتە ئاراوە، هەروەها ڕوداوەكانی ئێرانیش ئەوە دەسەلمێنن كە پڕۆسەی چارەسەری لە ناوخۆی توركیا ڕێگا ڕاستەكەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
ناوبراو، هەر لەپەیامەكەیدا باسی لە بەرپرسیارێتی پەرلەمانی توركیا لە پرۆسەكەدا كردوە و رایگەیاندوە، ئەو هەنگاوانەی دوای راپۆرتی كۆمیسیۆن دەگیرێنەبەر، زۆر گرنگە بەبێ دواكەوتن بخرێنە چوارچێوەیەكی یاسایی گشتگیرەوە، بۆ بەهێزبونی ویستی چارەسەری، پێویستە كەناڵەكانی دیالۆگ كراوە بن و سیاسەتی دیموكراسی بەهێز بكرێت، نابێت دەرفەتە مێژوییەكان لەدەستبدرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، كۆمەڵگەی دیموكراسی زامنی داهاتوە بۆ هەمو گەلان و پێكهاتەكانی نیشتەجێی توركیا و هەركەسێك بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەكەدا بكات، نەك تەنیا ئەمڕۆ، بەڵكو داهاتوی هاوبەشیش بەدەست دەهێنێت.
هەر لەپەیامەكەیدا ئۆجەلان جەختیكردۆتەوە، پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بایەخی پرۆسەكەیان زیاد كردوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی پەیوەندیدار بە ئێران هاتوەتە پێشەوە، لە ناوچەكەدا سێ هێڵی جیاواز دەركەوتون، تەوەرەی ئەمریكا-ئیسرائیل، هێزە نێودەوڵەتییەكانی پارێزەری دۆخی ئێستا و رێگەی سێیەمیش "پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی"ە.
ئەوەشی رونكردۆتەوە، وەك لە بانگەوازی 27ـی (شوبات/2)ی 2025 ئاماژەم پێكرد، سەردەمی خەباتی چەكداری كۆتاییهاتوە. چی دیكە گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە، پرۆسەكە گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ كۆماری دیموكراسیدا.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا باسی لەوەشكردوە، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كۆماری توركیادا نییە و پرسی سەرەكی كەموكوڕییە لە دیموكراسییدا و دیموكراسی تاكە چارەسەرە كە بەهێزبونی كۆمار مسۆگەر دەكات،دەشڵێت، پێویستە تێڕوانینێك پەرەی پێبدرێ كە پەیوەندیی كورد لەگەڵ دەوڵەت لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون سەرلەنوێ پێناسە بكاتەوە و پێویستە دەوڵەتیش ئەم پرۆسەیە وەك هەڕەشەیەكی ئەمنی نەبینێت.