مەزڵوم عەبدی: یەكەمین پەیوەندییەكانیان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە ڕێگەی هەولێر و سلێمانیەوە بووە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، تیشكی خستە سەر مامەڵەكانیان لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریا و ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد كەسێكی لووتبەرز بووە و تەنانەت گوێی لە هاوپەیمانەكانی خۆیشی نەگرتووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەریەك لە ڕوسیا و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی نێوەندگیرییان داوە، بەڵام بێئەنجام بووە، هەروەها ئاشكرای كرد كە بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری پێشووتری عێراق دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی یەك كاتژمێری لەگەڵ بەشار ئەسەد، پێی ڕاگەیاندووە كە هیچ شتێك لەسەر بیركردنەوەكانی ئەسەد هەڵناچنرێت.
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، عەبدی باسی لەوە كرد كە چۆن هێزەكانیان ڕووبەڕووی سوپای سوریا بوونەتەوە، هەزاران سەربازیان بەدیل گرتووە و دواتر ئازادیان كردوون، هاوكات هێزەكانی ئێرانیشیان لە ناوچەكە دەركردووە كاتێك هەوڵی دروستكردنی هێزی خێڵەكییان داوە.
ڕوونیشیكردەوە كە یەكەمین پەیوەندییەكانیان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە ڕێگەی هەولێر و سلێمانییەوە بووە.
سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەكانیش، فەرماندەی هەسەدە ڕایگەیاند كە لە كاتی شەڕەكانی ئەم دواییەدا پەیوەندییان بە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە كردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی حەلەب، هەروەها دەستپێشخەرییەكی ئەحمەد شەرعی ڕەتكردووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستێكی سیادی، چونكە یەكڕیزیی كورد و كێشەكانی ڕۆژاڤای لامەبەستتر بووە.