نەوا-
سروە محەمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی حزبەكەی راگەیاندوە، هەرچەندە چاوەڕوان بون لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پرسی دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بخرێتە كارنامەی دانیشتنەوە، بەڵام دانیشتنەكە ئەنجام نادرێت و دواخراوە.
راشیگەیاندوە: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە 3/5ـەوە ئەنجومەنی نوێنەران كەوتوەتە پشوی یاسادانانەوە، بەڵام لەپێناو دەنگدان بە كابینەی حكومەتی نوێی عیراق مانگێك كاركردنی ئەنجومەنەكە درێژكرایەوە، بەڵام لەئەگەری دەنگنەدان بە كابینەكە لەو وادەیەدا بەدڵنیاییەوە دانیشتنەكە دەكەوێتە دوای پشوەكانی جەژنی قوربان و پشوی ئەنجومەنەكەوە.
بەپێی دەستور لەدوای راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت، ماوەی مانگێك دەدرێتە كەسی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، لە ئێستادا عەلی زەیدی كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق 16 رۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.