چین و ئێران قوربانییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا!

عومەر عەلی

28/02/2020

ئەگەرچی ئێمە زانستی پزیشكیمان نییە، مافی ئەوەش بەخۆمان نادەین لەوروەوە قسەی لەسەربكەین، بەڵام دەكرێت دیوە سیاسییەكەی ئەو بابەتە ببینین كە ڤایرۆسی (كۆرۆنا)یە و لەئێستادا هەڕەشە لە هەندێ وڵات دەكات بە تایبەت (چین و ئێران)، كە ئەمڕۆ لە بەرانبەر شەپۆل و پەلاماری ئەو ڤایرۆسەدان.
سیستەمی حوكمڕانیی چین دەرهاویشتەی قوتابخانەی سۆسیالیزمە، ئەم قوتابخانەیەش دوژمنی سەرسەختی سیستەمی كاپیتالیزمە، كە ئەمریكا سەركێشی دەكات. شۆڕشی چین لەسەر دوو بنەما پێشكەوتنی بەرچاوی بینی ئەوەش (شۆڕشی رۆشنبیری و شۆڕشی كشتوكاڵی) بو.
وێڕای ژمارەی دانیشتوانی، بە بەردەوام رەوتی پێشكەوتنی چین لەگەشەكردندایە بەشێوازێك ئەمڕۆ شۆڕشی پیشەسازی و تەكنەلۆژی چین تەنگی بە بازاڕەكانی جیهان هەڵچنیوە. بۆیە شیمانەی ئەوە دەكرێت لەئایندەدا بازاڕی ئابوری جیهان بەتەواوی كۆنترۆڵبكات.
دوای داڕوخانی یەكێتیی سۆڤێت وەك جەمسەرێكی سۆسیالیزم، یەكێك لە كێشەكانی ئەمڕۆی ئەمریكا پێشكەوتن و گەشەی ئابوریی چینە بۆ ئەو مەبەستەش لێدانە لە ئابوری چین.
مانەوەی (ئێران و چین) كە ئەمڕۆ ئەو دوو وڵاتە گیرۆدەی ڤایرۆسی (كۆرۆنا) بوون، بۆ ئایندەی هێز و هەژموونی ئەمریكا مەترسیدارن، رەوتە دژەكانی ئەمڕۆی جمهوری ئیسلامی ئێران چەپ و سۆسیالستەكانن، بۆیە لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێك لە سیستەمی حوكمڕانی ئەو وڵاتەدا، بە دوور نابینرێت چەپ و سۆسیالستەكان دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگرنەدەست. گەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شادەماری ئابوری جیهان بێت ئەوا ئەوكاتە زەمینەكە لەبارتر دەبێت ئەو شادەمارە بكەوێتە ژێر هەژموونی چین، ئەوكاتەش هەژموونی ئەمریكا و ئەوروپا دەبێت پاشەكشەبكەن. كەوابوو هەڵە نابین بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی (كۆرۆنا) بە شەڕێك دابنێین بۆ لێدان لە ئابوری چین، چونكە شەڕی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكان جگە لە زیانی گیانی بەهەمان شێوە زیانی ئابوری گەورەی هەیە. دەبێت ئەوەش بڵێین ئەگەرچی زیانی مادی بە وڵاتەكە دەگەیەنێت ئەمەش واتای ئەوەنییە بەجارێك پەلوپۆی چین بشكێت و بەجارێ بكەوێ، چونكە رەهەندەكانی رۆشنبیری، ئابوری و رێژەی دانیشتوان و تا دوای ... جگە لە سیستەمێكی حوكمڕانی وەك ئەوەی ئەمڕۆ، كە باڵادەستە هیچ سیستەمێكی دیكەی بەڕێوەبەری ناتوانێت ئیدارەی ئەو وڵاتە بدات و بەڕێوەی ببات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group