بەتەنها دەستی مامۆستاكە نا، دەستی هەمومان بەستراوەیە

محەمەد فاتیح

16/07/2020

لەم رۆژانەدا هێزە ئەمنیەكان دەستی مامۆستایەكیان بە قەروێڵەی ژنەكەیەوە كە دووچاری نەخۆشی كۆرۆنا بوبو لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك كەلەپچەكردبوو، لەكاتێكدا ژنەكەی گیانی سپاردوە و ئەویش هیچی بۆنەكراوە لە فرمێسك رشتن بەولاوە و هیچ كارمەندێكی نەخۆشخانەكەش لایان لە ژنەكەی نەكردوەتەوە تاكو كۆچی دوایی كردوە، ئەمە تەنها لەبەرئەوەی مامۆستاكە كاتێك ژنەكەی پێویستی بە ئۆكسجین بوە و بۆی دەركەوتوە ئەو بوتڵە ئۆكسجینەی بۆ ژنەكەیان داناوە و لەلایەن كارمەندێكی نەخۆشخانەكەوە بردراوە، ئامێرێكی لە ئامێرەكان شكاندوە و هێزە ئەمنیەكانیش قۆڵبەستیان كردوە بە قەرەوێڵەی ژنەكەیەوە، تاكو ژنەكەی بە پەتای كۆرۆنا گیانی سپاردوە.
ئەم چیرۆكە تراژیدیایە مەگەر هەر لە وڵاتێكی وەكو عیراق و هەرێمێكی وەكو كوردستان روبدات و بكەرانیشی وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەربچن!
ئاخر ئەمە چ یاسایەكە بە قەرەوێڵەی ژنەكەتەوە لە نەخۆشخانە بتبەستنەوە و ژنەكەشت لەبەردەمتدا گیان پسپێرێت؟، ئەگەر پیاوەكە تاوانێكی كردوە، دەتوانن بیكەنە دەرەوەی نەخۆشخانەكە یان دەستبەسەری بكەن و رایگرن و زیندانی بكەن، بەڵام خۆ ژنەكەی تاوانی نەكردوە و دووچاری نەخۆشی بۆتەوە و پێویستی بە چاودێری پزیشكی بوە!
جا ئەمە و كوشتن چ جیاوازییەكی هەیە؟، تۆ نەخۆشێك بەجێبهێڵیت و نەچیت بەلایدا و پێویستی بە ئۆكسجین بێت، بۆی دانەنرێت و بەو حاڵەوە گیان بسپێرێت، ئەمە نەك هەر كوشتنی بە ئەنقەست، بەڵكو ئەشكەنجەدانە تاكو مردن!
خەم مەخۆ مامۆستا گیان، هەمومان دەستوپێ بەستراوین، بەدەیان شتی نابەجێ و ناڕەوا و نایاسایی لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا دەكرێت و هەروەكو تۆ، هیچیشمان پێناكرێت!
لێرە نە یاسا سەروەرە و نە رێز لە مافی مرۆڤ دەگیرێت و نە كوردستانێكی بەهێزە و نە نیشتمانیش هی هەموانە.
هیچ خەم مەخۆ مامۆستا گیان.. ئێمەش وەكو تۆ دەستوپێ بەستراوین و بە دیار ژیانمانەوە دانیشتوین تاكو گیانی دەسپێرێت، دەسەڵاتدارانیش دەستوپێمان ناكەنەوە تاكو فریای ژیانمان بكەوین و بەبەرچاومانەوە گیانی دەرنەچێت!
ئێمەش رۆژانە سوكایەتیمان پێدەكرێت و مافمان دەخورێت و پێشێل دەكرێت، سەروەریمان پێشێل دەكرێت، بێڕێزی بە یاساكان دەكرێت و بە ئارەزوی خۆیان موچەمان پێدەدەن، بە ئارەزوی خۆیان كارەبامان پێدەدەن، بە ئارەزوی خۆیان بازگەكانمان لێدەكەنەوە و لێمان دادەخەن، بە ئارەزوی خۆیان سەرانەمان لێوەردەگرن، بە ئارەزوی خۆیان باج دەخەنە سەرمان، بە ئارەزوی خۆیان دەماندەن بەیەكدا و دەستلەملانی یەكترمان دەكەن!
ئێمەش بەبەرچاومانەوە نیشتمانمان پارچە پارچەی دەكەن، لەت و پەتی دەكەن، روت و قوتی دەكەنەوە و دەستدرێژی دەكەنەسەری و دەیڕەتێنن و دەیڕوتێننەوە و هیچیشمان پێناكرێ!
تەنانەت دادگایەكیشمان نییە، دادوەرێكیشمان نییە پەنای بۆ بەرین، رۆژەكانمان هەموی بون بە ئازار و برین، تەنانەت خوامان هەبوو، رێگای خواشیان لێگرتین و خواشیان لێكردین!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group