یەكێتی و كاك مەسعود باجی دەستوریان دا هەر لایە بەچەشنێ

سالار مەحمود

22/05/2021

دەستور بەكەمینەو زۆرینە تێناپەڕێت.
كە سەد كورسیەكەی پەرلەمان بەدەستی ئێمەو پارتیەوە بوو كەس رێگر نەبو دەستورمان هەبێ.
ئێستاش كوردستان باجی حوكمی بێ دستوری دەدات.
دوای سی ساڵ دەسەڵاتی پەرلەمان و حكومەت و دادگاش لای تاكە كەسە، لای ناوەندە بەهەژمونەكانی ناو حزبە نەك دامەزراوەكان.
لێگەڕێن با ئەم خولەی پەرلەمان دەستكەوتی گەورە بەدەستبێنێ و قەراری دەستوری تیا بدرێ.
لە دوو خولی پەرلەمان كە ئەندام بووم هیوای گەورەم ئەوە بوو لەو خولانەدا كوردستان ببێ بەخاوەنی دەستوری خۆی. جوهدمان كرد بەڵام لەسەر دەستور لەهەولێر هاتنە سەر ماڵمان و كۆمپیوتەرو ئەوراقمان براو سودیان لێ نەبینی!.
دەستور بۆ هەرێم گرنگە، كوردستان مافی خۆیەتی دەستوری هەبێ.
لەپەرلەمانی كوردستان كەیاسایەك دەردەكرێ لە دیباجەدا دەنوسرێ بەپێی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەم یاسایە دەركرا. ناوترێ بەپێی حوكمەكانی دەستوری كوردستان. یاسا بەحكومی دەستور قورساییی زۆرترە. نەك دەركردنی یاسا بە حوكمی یاسا، ئەم بۆشاییە سی ساڵە هەیە.
هیوادارم زیندوو كردنەوەی دۆسیەی دەستور مەرامی دابەشكردنەوەی پلەو پۆستی خولی ئایندەی بەدواوە نەبێ.
دە مانگ پێش ئێستا وروژاندن و كاركردن لەسەر پرسی دەستورم پێشنیاركرد بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، چونكە لە رابردوو یەكێتی باجی دەستوریدا با زیندو بكرێتەوەو، زەمینەی واقعی بۆ ئەنجام بدرێ بەسوپاسەوە هەردوو لا بەهەندیان وەرگرت.
لەهەموو حاڵەتێكا بونی دەستور باشترە لەنەبوون، مافێكە دەستوری عیراق بەخشیویەتی.
كوردستان بەهێز دەكات ئەگەر ئیلتزامی پێوە بكرێ.
پرۆژەی دەستور بەكەمترین دەستكاریەوە ئامادەیە
تەنیا ئیرادەی ئەوێ.
یەكێتی و  كاك مەسعود بەپلەی یەكەم باجی دەستوریان دا. 
یەكێتی وەك هێزێكی سەرەكی كوردستان و كاك مەسعودیش وەك كارەكتەرێكی سەرەكی، هەر لایە بەچەشنێ.
یەكێتی بۆ دەستور ویلایەتی بارزانی درێژ كردەوەو، بارزانیش بەقبوڵكردنی ئەو كارە توشی رەخنەی زۆر هات و دەستورەكەش سەرەونگوم كرا..
هەندێ لە سیاسیەكانی لای خۆشمان هاواریان دەكرد دەستور (گەڕایەوە).
ئەو دەرفەتەی ئێستا هەیە پرۆژەی دەستورەكەی تیا پەسەند بكرێ لەپەرلەمان و دواتر بخرێتە بەردەمی خەڵك،  لەوانەیە ئایندە زامنی ئەو دەرفەتە نەكات. 
بە دانانی دەستورێكی گەل پەسەند، هەر هیچ نەبێ كوردستان بەبونی دەستوری خۆی هەنگاوێك دەچێتە پێش لە دورخستنەوەی مەترسی لەسەر قەوارەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group