کوا پارەی گومرگ، کوا پارەی نەوت؟

ئەرسەلان بایز

19/12/2021

ماوەی نزیکەی 20 ساڵە هەردوو حیزبی گەورەی کوردستان (ی.ن.ک)و پارتی دیموکراتی کوردستان بەیەکەوە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەهۆی ناکۆکیەوە لەماوەی ئەو 20 ساڵەی ڕابردودا، نەیانتوانیوە دڵنیاییەک بەکۆمەڵانی خەڵک ببەخشن‌و کوردستان بگەیەننە کەناری ئارام.


لەبری تەبایی، لەبری داڕشتنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پێشخستنی هەرێم‌و پاراستنی ئەزمونەکە لەبری نوسینەوەی دەستورێک بۆ چوارچێوەی حوکمڕانی دروست، لەبری یەکدەنگی لەبەرامبەر ناهەقیەکانی بەغدا بەرامبەر کوردستان، لەبری خەمی چارەسەرکردنی ناوچە دابڕێنراوەکان، لەبری هەوڵدان لەبنەبڕکردنی شەڕی داعش، هەمیشە لەململانێ‌و شەڕە جوێن‌و شەڕی خوێناویدا بوین.

هێندەی خەریکی ناوزڕاندنی یەکترو تۆمەتی ناڕەوا بۆ یەکتر دروستکردن بوین، نیو هێندە لەخەمی خزمەتگوزاریی‌و دڵنیابونی جەماوەر نەبوین.

هەر لەکاتی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە تا ئەمڕۆ، هەردوو حزب لەشاشەی تەلەفزیۆن‌و لاپەڕەکانی ڕۆژنامەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان‌و کۆڕو کۆبونەوە جەماوەرییەکاندا، هەڵمەتێکی توندو بێ ئامانیان لەبەرامبەر یەکتردا دەستپێکردوە.

پارتیەکان (ی.ن.ک) بەوە تۆمەتباردەکەن گوایە بەشێکی واریداتی گومرگی سنورەکان‌و باج‌و خەراجی ناوخۆی ناوچەی سەوز ناگەڕێتەوە گەنجینەی وەزارەتی حکومەتی هەرێم‌و کەس نازانێ بەرەو کوێ دەڕوات، (ی.ن.ک)یش دەڵێ، تەنها بەشێکی واریداتی پارەی نەوت‌و باج‌و خەراجی ناوچەی زەرد دەگەڕێتەوە گەنجینەی وەزارەتی دارایی‌و باقیەکەی نادیارە.

هەردوو حزب ڕۆژانە کادیرو لایەنگرانی خۆیان بەگیانی دوژمنایەتی لەبەرامبەر یەکتر پەروەردە دەکەن‌و قسەی سوک‌و هەڵبەستراو بەیەکتر دەڵێن، ڕەفتاری هەردوو حزب جەماوەریان بێزارو ناڕەحەت کردوە، متمانەیان لەنێوان هەردوو حزب‌و حکومەت لەلایەک‌و لەلایەکی ترەوە لەگەڵ جەماوەر کزو لاوازکردوە.

هەربۆیەش هەردوو حزب سەرباری زیادبونی دەنگی سێ پشت لەهەڵبژاردندا زیاتر لەنیو ملیۆن دەنگیان کەمیکردوە، بەڵام بەداخەوە هەردوو حزب هێندەی سەرقاڵی بردنەوەی کورسی‌و لاف گەزاف لێدانی ژمارەی کورسیەکانیانن، هێندەی خەمی لەیەکتر بردنەوەیانە، نیو هێندە خەمی کەمکردنەوەی دەنگی جەماوەرو نەمانی متمانەی جەماوەر بەحزبەکان نین.

هاوڵاتیانی کوردستان لەئەنجامی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەی حزبەکان لەسەر یەکتر گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە هەردوو حزب قسەکانیان لەسەر یەکتر ڕاستەو هەردولا واریداتەکان لەیەکتر دەشارنەوە، خەمی جەماوەریان نییە، هێندەی خەمی خۆیانە.

خوایە کارەکە لەدەست ئێمە دەرچوە هاوار بۆ تۆ ئێمە هەردوو حزبەکان بگەڕێنیتەوە سەر ڕێبازی ڕاست‌و خزمەتگوزاری میللەت‌و گێڕانەوەی متمانە لەنێوانماندا. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group