دەربارەی كارەبای 24 كاتژمێری

هۆشیار عەبدوڵڵا

2 رۆژ پێش ئێستا

لە پێناوی ئینصاف و دووبارە تەئكیدكردنەوە لە چەند ڕاستییەكی گرنگ وەك هاوڵاتییەكی ئەم هەرێمە كە مانگێكە كارەبەكەمان بووە بە 24 كاتژمێری چەند خاڵێك دەخەمە ڕوو.
1-  كوالێتی كارەبای 24 كاتژمێری لەماوەی مانگی ڕابردوودا زۆر باش و بێ كێشە بووە. 
2- كوژاندنەوەی موەلیدەكان كاریگەری زۆری لەسەر پاككردنەوەی ژینگە هەبووە و ئەو خاڵەش بایەخی لە خودی بەردەوامی كارەباكە زیاتر نەبێت كەمتر نییە و  ئێجگار گرنگە. 
3-  ئەو كارەبایە لە زۆر ڕووەوە جێگەی پەسەندێتی و ڕەزامەندی هاوڵاتیانە جگە لە نرخەكەی. ئەگەر چاوخشاندنەوە بە نرخەكەیدا بكرێ بە جۆرێك كارەبا لە خزمەتگوزارییەكەوە نەگۆڕێ بۆ بازرگانی ئێجگار هەنگاوێكی گەورە و گرنگ دەبێت.
4-  بێگومان ڕێگا ڕاستەكە ئەوەیە هاوڵاتی فێری بەكارهێنانی كارەبا بێت بەگوێرەی ئاتاجی و پێویستی نەك بە فیڕۆدانی ناپێویست ئەمەش لە هەموو وڵاتانی پێشكەوتودا هەیە. كرێی كارەبا پێویستە بەڵام نەك نرخێك لە دەرەوەی توانای هاوڵاتی یان داهاتی مانگانەی تاكە كەس بێت لەو دۆخەدا دەبێتە بارگرانییەكی زۆر، بۆیە تكایە نرخەكەی داببەزێنن لە سنوری مەعقولدا، واتا بەو ڕادەیە هەرزان نا كە خەڵك باكی پێی نەبێت و دەستیپێوە نەگرێت، بەڵام وا گرانیش نا كە خەڵك پێی هەڵنەسوڕێت و كرێی كارەبای پێ نەدرێت.  كارەبای بەردەوام ماف و خزمەتگوزارییە و حكومەتیش ئەركیەتی دابینیبكات، لە ئێستادا كارەبای 24 كاتژمێری سپییە بەڵام بەڕاستی نرخەكەی ڕەشە!
ئەم دێڕانەی سەرەوە لە لایەكەوە دەستخۆشین بۆ كوالێتی كارەباكە، لە لایەكی تریشەوە گلەیین لە نرخەكەی، نرخەكەی دابەزێنن تا لەبری جارێك هەزار جار بڵێین دەستان خۆش بێت.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group