كاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بریارە بگاتە هەرێم و گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی چۆنیەتی دروستكردنی كابینەكەی لەگەڵ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بكات. عەلی زەیدی، ناوێكی ون لەدنیای سیاسەت و بەبێ پێشینەی مومارەسەی دەوڵەتداری ، هەروەك ناوێك چاوەرواننەكراو لەگرتنەدەستی ئەم پۆستە لەكاتێكدا ئەم ئەركە گران و گرنگە وەردەگرێ كە ناوچەكە لەناو گێژاوی شەری ئێران- ئەمریكا و ئیسرائیل نەهاتوەتە دەرێ. ناوخۆی عیراقیش بەهۆی ئاسەواری لێكەوتەكانی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمز، هەروەها بەهۆكاری كەڵەكەبوونی كارە تەواونەكراوەكانی حكومەتی سودانی لەبەردەم ئاستەنگی فرە رەهەندی دارایی خۆی دەبینێتەوە. بەمانایەكی تر، كاندیدە گەنجەكەی شیعەكان لەقوڵایدا كەباكگراوندێكی ئابووری و بزنسمانێكی ناسراوە ، پێویستە راستەوخۆ رووبەرووی ئاستەنگە ئابووریەكان بێتەوە ئەمە سەرباری ئاستەنگی ئەمنی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ میلشیا و گروپە چەكدارەكان كەبەشێكیان خاوەنی كورسی پەرلەمانین و دەیانەوێ بەشداری بكەن لەكابینەی نوێدا. جیا لەم رەهەندە، خاڵی بەهێزی عەلی زەیدی ئەو پێشوازی و پشتیوانیە فراوانەیە كەلەهەموو لایەكەوە لێیكراوە ، بەجۆرێك كەلەمێژووی سەرۆك وەزیرانی رابردووی عیراق هەر لە جەعفەری و مالكیەوە بۆ عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و كازمی و سودانی هیچ كامیان بەم شكڵ و شێوازە لەلایەن ئەمریكا و ئیران و وڵاتانی عەرەبی و توركیا و دەوڵەتانی ئەوروپا ، بەوخێراییە كاردانەوەی پۆزەتیڤیان لەسەر كاندیدكردنەكە نەبووە. بەچەشنێك ئەگەر دیدگای ئەمریكیەكان بەراورد بكەین ئەوا ترەمپ لەماوەی هەردوو خولی سەرۆكایەتیەكەی لەكۆشكی سپی ئامادە نەبوو پێشوازی لەهیچ كام لەسەرۆك وەزیرانی پێشتر بكات بەڵام ئێستا وەك هاورێ باسی زەیدی دەكات و بەرلەدەستبەكاربوونی داوای لێدەكات كەسەردانی كۆشكە سپیەكە بكات لەواشنتن.( جگە لە ناردنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پارەی عیراق لەئەمریكاوە، كەماوەی دوو هەفتە دەستی بەسەرداگیرابوو ) لەئاستە عیراقیەكەشدا ، پێدەچێ بازەكە زۆر بەجوانی لەسەر شانی عەلی زەیدی نیشتبێتەوە. ئەوەتا هەر لەسەرەتای راسپاردنی جگە لەكۆدەنگی سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی، زۆرینەی لایەنە عیراقیەكان بەكورد و سونە و توركمان و مەسیحی پێشبركێیانە لەسەر ناردنی پەیامی پیرۆزبایی و پشتیوانی. لەم نێوەندەدا، كەمێكی دیكە زەیدی دەگاتە هەرێم ، ئەم سەردانە لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی ناكۆكی توند لەناوخۆ و لەگەڵ دەرەوە دەژی. كاتێكە كە لەهەرێم پەرلەمان پەكخراوە، حكومەت چوار ساڵە كاربەرێكەرە، لەبەغداد پارتی پەرلەمان و حكومەتی عیراقی بایكۆت كردوە و هیچ پەیوەندیەكی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كوردی نەماوە. كێشەی موچە و بودجە سەرباری قەیرانە موزمینەكانی رابردوو لە ناكۆكی دەستووری و سیاسی و نەتەوەیی و ئیداریی هەر وەك خۆیان ماونەتەوە. پرسیاری كۆتایی: عەلی زەیدی بەو پشتیوانیە فرە رەهەندەوە دێتە هەرێم، بەڵام بەم دۆخە بیمارەی ناوخۆ كورد تا چەند و چی لەبەرهەمی ئەم سەردانە دەچنێتەوە؟! با چاوەروان بین. ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.