چۆن قسەی بێمانا جیهانی گرتەوە

د.پیرۆت محمد امین

2 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتێک فرانسیس وین کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی "چۆن قسەی بێمانا جیهانی گرتەوە" بڵاوکردەوە، هۆشدارییەکی توندی دا لە پاشەکشەی عەقڵانییەت و زاڵبوونی خورافە و گوتاری بێمانا بەسەر جیهانی مۆدێرندا. وین، پێی وابوو کە سەردەمی ڕۆشنگەری جێگەی خۆی بۆ جۆرێک لە "تاریکپەرستی نوێ" چۆڵ کردووە، کە تێیدا چەواشەکاری و قسەی پڕوپووچ دەبنە ئامرازی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی جیهان.
لە سەردەمێکدا دەژین کە سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ هێندە تەڵخ بووە، چیتر وتارە سیاسییەکان وەک نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی نابینرێن، بەڵکو تەنیا وەک ژاوەژاوێکی بێمانا دەردەکەون کە ئامانجیان شاردنەوەی ڕاستییەکانە. 
ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەگوزەرێت، نموونەیەکی زیندووی ئەو "قسە بێمانایە" جیهانییەیە کە وەک پەتا بەناو جەستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بڵاوبووەتەوە. ئەم دوو دەوڵەتە، کە یەکێکیان نوێنەرایەتی جەمسەری هێزی جیهانی دەکات و ئەوی تریان وەک یاریزانێکی سەرەکی ناوچەیی خۆی دەسەلمێنێت، یارییەکی مەترسیدار دەکەن کە تیایدا زمان تەنیا ئامرازێکە بۆ چەواشەکاری. 
کاتێک گوێ لە بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات دەگرین، دەبینین باس لە "کۆتاییهێنان بە شەڕ" و "پاراستنی سەقامگیری" دەکەن، بەڵام لە پشت پەردەوە فێڵ و تەڵەکەبازییەکان بەردەوامن. ئەم گوتارە سیاسییانە تەنیا نمایشێکی شانۆییین  هەر لایەنە و دەیەوێت وا خۆی پیشان بدات کە پارێزەری ئاشتییە، لە کاتێکدا هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی توندکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە. 
ئەمە نەک هەر بێماناییەکی سیاسییە، بەڵکو سووکایەتیکردنە بە عەقڵی مرۆڤایەتی، چونکە ئەو فێڵانەی لە ئاستی باڵای ئیداریی هەردوو وڵاتدا پەیڕەو دەکرێن، تەنیا بۆ مەبەستی کڕینی کات و پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانە.
ئەم ململانێیە دەستکردە و ئەو قسە بێمانایانەی لە دەوری دەخولێنەوە، تەنیا بۆ چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی مرۆڤەكاندا بەکاردەهێنرێن. ترس بووەتە کاڵایەکی بازرگانی؛ کاتێک جیهان لە شەڕێکی گشتگیر دەترسێت، نرخەکان دەشڵەژێن و بازاڕەکان دەکەونە ژێر ڕەحمەتی ئەم ترسەوە. لە ڕاستیدا، ئەم "شەڕە دەنووکەییە" فێڵێکی گەورەیە بۆ کۆکردنەوەی سامان و قازانج لەسەر حیسابی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ.
 پیشەسازییەکانی چەک، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزە و یاریزانانی بۆرسە، سودمەندی سەرەکین لەم دۆخە لێڵە. ئەو قسانەی کە باس لە هێڵی سوور یان تۆڵەسەندنەوەی سەخت دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەن کە نرخی نەوت بە بەرزی بهێڵنەوە و گرێبەستی چەکی نوێ ئیمزا بکەن. 
ئەمە ئەو بێماناییەیە کە جیهانی گرتووەتەوە کە مرۆڤەکان وەک بارمتەی گوتارێکی سیاسی دەبینرێن و تەنیا بە دوای ژمارەی ناو بانکەکاندا دەگەڕێت. جیهان لەم گەمە بێمانایەدا بووەتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی فێڵە داراییەكان، کە تێیدا ڕاستی دەکرێتە قوربانی بۆ ئەوەی بازنەیەکی بچووک لە دەسەڵاتداران دەوڵەمەندتر ببن.
دەرئەنجامی ئەم هەموو قسە بێمانا و فێڵە سیاسییانە، جیهانێکی تووشکردووە بە سەرلێشێواوی ئابووریی بێوێنە. کاتێک بڕیارە ئابوورییەکان نەک لەسەر بنەمای پێویستیەکان ، بەڵکو لەسەر بنەمای تویتێکی سیاسی یان هەڕەشەیەکی ساختە دەدرێن، سەقامگیری ئابووری دەبێتە خەون. 
ئەمڕۆ وەبەرهێنەران، خاوەنکارەکان و تەنانەت هاووڵاتیانی ئاساییش نازانن سبەینێ چی ڕوودەدات، چونکە بازاڕەکان چیتر بەپێی یاسای خواست و خستنەڕوو کار ناکەن، بەڵکو بەپێی ئەو "قسە بێمانایانە" دەجوڵێن کە لە واشنتۆن و تارانەوە دەردەچن. 
جیهان لە گێژاوێکدایە کە تێیدا بێمانایی بووەتە زمانی فەرمی، و فێڵکردن بووەتە هونەری بەڕێوەبردن. تا ئەو کاتەی مرۆڤایەتی نەتوانێت لە پشت ئەم گوتارە پڕ لە فێڵانە ڕاستییەکان ببینێت، ئەم بێماناییە بەردەوام دەبێت لە قوتدانی داهاتوو و تێکدانی شیرازەی ئابووری جیهان، چونکە ئەم ململانێیە نەک بۆ ئاشتی، بەڵکو بۆ بەردەوامیی ئەو بێماناییەیە کە قازانجی تێدایە.
ئەم تێکەڵاوییەی نێوان سیاسەتی پڕ لە فێڵ و ئابووریی سەرلێشێواو، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە "قسەی بێمانا" تەنیا دیاردەیەکی کاتی نییە، بەڵکو وەک فرانسیس وین دەڵێت، جیهانی داگیرکردووە. ئێستا ململانێی تاران و واشنتۆن نەک هەر کێشەیەکی سیاسییە، بەڵکو گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی چۆن مرۆڤایەتی لەناو تۆڕێکی ئاڵۆز لە فێڵ و قسەی بێمانادا گیراوە، کە تێیدا تەنیا شتێک کە ڕاستی بێت، ئەو قازانجە مادییەیە کە لە ئەنجامی چەواشەکردنی جەماوەردا بەدەست دێت.

د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی : دارایی گشتی

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group