فەرمان سالاری و داوای پەرلەمانتار

هاوڕێ تۆفیق

16 خولەک پێش ئێستا

فەرمان سالاری و داوای پەرلەمانتار
دوو گۆرانکاریی گرنگ لە دادگای فیدراڵیەوە. 

 سیستەمی دەسەڵاتە دەستورییەکان بە گوێرەی دەستوری عێراقی( دوانەییە) هەر یەکە لە دەسەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەری کە دوو بەش پێکهاتون. یاسادانان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵ پێکهاتوە, دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سەرۆکی کۆمارو ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتوە،  بەهەمان شێوە دەسەڵاتی دادوەریی لە دادگای تەمییز و دادگای فیدراڵی پێکهاتوە.  هەر بە گوێرەی مادەی(٩١) برگەی یەکەمی دەستور، ئەنجومەنی دادوەریی مافی سەرپەرشتیاریی بەسەر دادگای فیدراڵیەوە هەیە.  ئەم کورتە پێشەکیە بۆ ئەوە بوو، جیاوازی لە نێوان دوو جۆر دادگاو کاری دادبینیدا بکەین. یەکەمیان دادگا ئاساییەکانن، وەکو دادگاکانی ( لێکۆڵینەوە، کەتن، تاوان، بەرایی مەدەنی، نەجەوانان، باری کەسی، نەزاهە) لە ژێر چەتری بەشی یەکەمی ئەنجومەنی دادوەریدان و  دادگایەکی ئاسایین. جۆری دووەمیان دادگای فیدراڵیە ،کە بەشی دووەمی دوانەیی دەسەڵاتی دادوەرییە. دادگای فیدراڵی دادگایەکی دەستوریی تایبەتمەندەو بە گوێرەی مادەی (٩٢) برگەی یەکەمی دەستور  سەربەخۆیی دارایی و کارگێری هەیە، تایبەتە بە یەکلایکردنەوەی کێشە دەستورییەکان ، دادگاکە کارو پسپۆری تایبەتە بە سیستەمی سیاسی و دەستوریی وڵات بۆیە لە دادگای ئاسایی جیاوازە کە تایبەتە بە یەکلایکردنەوەی کێشەی هاوڵاتیان. بە گوێرەی مادەی (٩٢) برگەی دووەمی دەستور دەنگدان بۆ یاسای دادگای فیدراڵی  بە دەنگدانی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەکرێ . بەڵام  ئاشکرایە کە بەهۆی بوونی ناکۆکی  قەوارە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان هەتاوەکو ئێستا یاسای بۆ دەرنەکراوەو بە بریارێکی (دەسەڵاتی ئیتیلافی هاوپەیمانی ) کە لە لای خەڵک بە بریاری بریمەر ناسراوە کار دەکات.  دادگای فیدراڵی پەیرەوی ناوخۆی هەیە. ئەو پەیرەوە رێبازو رێکاری کارکردنی دادبینی و داوکاری داواکراوان بەرجەستە دەکات .دەتوانین بڵێین نەخشەرێگای کارکردنی دادگاکەیە. دادگای فیدراڵی لە رۆژی پێکهێنانیەوە هەتاوەکو ئێستا ،سێ سەرۆکی هەبوەو سێ پەیرەوی ناوخۆی دەرکردوە. ئەوانیش ؛
   یەکەم: پەیڕەوی ناوخۆیی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥، لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، ژمارە (٣٩٩٧)، لە بەرواری ٢/٥/٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە.
دووەم: پەیڕەوی ناوخۆیی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٢، لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، ژمارە (٤٦٧٩)، لە بەرواری ١٣/٦/٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە و پەیڕەوی ناوخۆیی ساڵی ٢٠٠٥ی هەڵوەشاندووەتەوە.
سێیەم: پەیڕەوی ناوخۆیی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٥، کە ئێستا کاری پێ دەکرێت، لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، ژمارە (٤٨٣٧)، لە بەرواری ١/٩/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە و پەیڕەوی ناوخۆیی ساڵی ٢٠٢٢ی هەڵوەشاندووەتەوە.
وەکو ئاشکرایە پاش ئەوەی بەرێز دادوەر جاسم عبودی لە بارێکی تایبەتیدا داوای خانەنشینی کرد ،لە شوێنی ناوبراو دادوەر مونزیر برایم کە خۆی ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی بوو کرا بە سەرۆکی دادگای فیدراڵی. ئەم گۆرانکارییە تەنها گۆرینی دادوەرێک بە داوەرێکی تر نەبوو. بەڵکو دادگا بریاریدا پەیرەوی ناوخۆی کارپێکراو لاببات و پەیرەوێکی ناوخۆی تازە بۆ راپەراندنی کارەکانی  خۆی دەربکات. واتە بە گۆرینی سەرۆکی دادگای پێشوو ،پەیرەوی ناخۆی پێشوو لابرا. ئەمەش نیشانەی گۆرانکارییەکی جەوهەری بوو لە کاری دادگای فیدراڵی بە تایبەتی لە رێککارەکانی دادبینی و داواکاریی یاسایی. هەقی خۆیەتی پارێزەران و چاودێران ئاگاداری بن ، سێ گۆرانکاری جەوهەری روویناداوە ئەوانیش: 
١: فەرمانسالاری لە پسپۆری دادگای فیدراڵیدا نیە.  
هەر کەس و لایەنێک داوای فەرمانسالاری( ئەمری وەلائی- بەئەنقەست دەستەواژەی ئەمری ولایی م بە کوردی رێنوسکردوە) داواکەی رەتدەکرێتەوە،چونکە دادگای تازە باوەری هەیە کە فەرمانساری کاری دادگای ئاساییە لە دادبینی مەدەنی، نەک کاری دادگای فیدراڵی. بۆیە یەکسەر رەتیدەکەنەوە. بەپێچەوانەوەی سەردەمی  پێشووی دادگای فیدراڵی 
کە دەیان فەرمانسالارییان دەرکردبوو.  
٢: داوای یاسایی پەرلەمانتار بۆ دادگا کێشەی بریکار( وەکالەتی قانونی) هەیەو رەتدەکرێتەوە.
دادگای فیدراڵی گەراونەتەوە سەر بنەمای بریارێکی پێشووی دادگای فیدراڵی لە سەردەمی دادوەر مەدحەت مەحمود. 
لەساڵی ٢٠١٨ پەرلەمانی عێراق بۆ راپەراندنی ئیش و کارەکانیان، بەپێی دەسەڵاتی دەستورییان قانونی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە(١٣) ی ساڵی ٢٠١٨ یان دەرکرد. هەر یەکە لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک پارێزەر تانەیان لە ژمارەیەکی زۆری مادەکانی قانونی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵی کردوە، یەکێک لە خاڵەکان کە تانەیان لەسەری دابوو، مادەی (٦) برگەی دووەمی قانونی ئەنجومەنی نوێنەران بوو،  کە دەڵێ  ؛ئەندام پەرلەمان  دادەنرێت بە خاوەنی بەرژەوەندی و مافی خەڵک ،چونکە نوێنەرایەتی سەد هەزار خەڵک ئەکات و مافی هەیە لە جیاتی ئەوان لە بەردەم دادگاکان نوێنەرایەتی بکات و داوای دادبینی بکات). داواکار وتویەتی ؛ئەمە پێچەوانەی مادەی (١٩) برگەی دووەمی دەستورە، کە دەڵێ؛ (مافی دادبینی، مافێکی دابینکراوە بۆ هەموو خەڵک)هەروەها ئەمە دژی مادەی(٦١) ی دەستورە کەدەسەڵات و پسپۆری پەرلەمانی دیاریکردوە ئەوانیش( دەرکردنی قانون و رەقابەکردنی جێبەجێکردنی قانون)ە.  بە کورتیەکەی سکاڵاکاران دەڵێن ؛ئەندامی پەرلەمان مافی سکاڵاکردنی  لە دادگای فیدراڵی نیە  . چونکە خاوەنی بەرژەوەندی نین و  کاری ئەوان تەنها قانون دەرکردن و  رەقابەکردنی جێبەجێکردنی قانونەکانە ، پەرلەمانتار بریکاری یاسایی خەڵک نیە و خاوەنی بەرژەوەندی نیە هەتاوەکو لە بری خەڵک ،خۆی بکات  بە بریکاری یاسایی. دادگای فیدراڵی ئەم داوایەی قبوڵکردوەو بە بریاری ژمارە(١٤٠) یەکخراوەکان ١٤١/ فیدراڵی/ راگەیاندن:٢٠١٨ بریاریداوە کە مادەی (٦) برگەی دووەم لە قانونی ئەنجومەنی نوێنەران کە باسمانکرد، دژی دەستورەو پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نیەو ناتوانێ لە دادگا شکات بکات. ئێستا دادگای فیدراڵی پاش چەندین ساڵ گەراونەتەوە سەر ئەم قەرارەو دەڵێن ، پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نیەو داواکەی رەتدەکەنەوە.
سێیەم: پاشگەزبونەوە لە بڕیار نەماوە. 
جاران لە پەیرەوی ناوخۆی پێشووی داگا بنەمای پاشگەزبونەوەی هەبوو ، بۆ نمونە رێکەوتنی خۆر عەبدوڵڵا بە بریاری دادگا رێکەوتنامەکەیان هەڵوەشاندنەوە بەو پێیەی کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینە پەسەند کراوە ئەمەش پێشێلکردنی دەستورە چونکە پێویستە بە شێوازی دوو لەسەر سێ دەنگدانی بۆ بکرێ نەک زۆرینە، پاشان دادگا لە بریارەکەیان پاشگەزبونەوە .زۆر بریاری تری لەو جۆرە دەرچوون ،بەڵام بەگوێرەی پەیرەوی تازەی دادگا پاشگەزبوونەوە لە بریار نەماوە.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group