14ی تەمموز و كۆمارێكی ترسناك!

مەلا بەختیار

14/07/2018

(60) ساڵ لەمەوبەر، بەكودەتایەكی عەسكەری، كە هاوكات بوو لەگەڵ دژایەتی كۆڵۆنیالیزم، رژێمی پاشایەتی روخا، لەبری دادگایكردنی بنەماڵەی پاشایەتی‌و دەسەڵاتداران، وەكو جەمال عەبدولناسر ساڵی (1953) كردی، بە تاوانێكی كەموێنە، كە لەمێژووی كۆن‌و نوێی عێراقدا، هەمیشە ئەم تاوانە رویداوە، هەمویان لەناوبران. تەنها لەزەمانی خەلافەتەكانەوە (76) خەلیفەو سوڵتان، لەعێراقدا كوژراون‌و ئەتك كراون.
ئەم كودەتا شۆڕشاویە، ساڵی یەكەمی بەخۆشی چووەسەر. ساڵی دووەمی بە نیمچەخۆشیی. ساڵی سێهەمی بەناخۆشیی. ناخۆشیەكە هەتا (1963) خایاندی‌و سەری قاسمیشی خوارد.
عێراق لە (1958)وە كرایە كۆماریی. بەڵام تاوانە ئەنجامدراوەكانی كۆماریەكان (1958-2003) هەتا روخاندنی بەعس، هەزاران جار لەسەردەمی پاشایەتی (1921-1958) زیاتر بوو.
دەركەوت.. كۆمارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشتر نەبوون لە سیستەمە پاشایەتیەكان.
ئێستا، كە (60) ساڵ بەسەر روداوی (14/ی تەمموز)دا تیدەپەڕێ‌، تاقە پەندی مێژوویی لەروانگەی منەوە، ئەوەیە، مەحاڵە، هێزێك، بناغەی سیستەمی دیموكراسی دانەڕێژێ‌‌و بنچینە كۆمەڵایەتیە دواكەوتوەكان، بەرە بەرە نەگۆڕدرێ‌‌و بیری دواكەوتوی ناسیۆنالیزم‌و مەزهەبگەرایی، نەخاتە خانەكانی رابوردوو، مەحاڵە ئەم حكومەتانە لەژێر هەر پەردەو پاساوێكدا بن، لەدیموكراسی هەڵنەگەڕێنەوە‌و ئاكام ئازادیخوازانیش قەڵاچۆ نەكەن.
لە 14/ی تەمموزەوە، سیستەمەكانی عێراق‌و ناوچەكە، لەو چوارچێوەیە بەدەر نەبوون.. ناشبن!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group