بەرپرسانی كوردستان لە بەهەشتی خۆتانەوە ئاوڕێك لە دۆزەخی ئێمە بدەنەوە

محەمەد فاتیح

پێش 2 هەفتە

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان داوای كرد لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران و بەهەمان شێوە داوای لە دەسەڵاتدارانی عیراق كرد تا كارلەكار نەترازاوە فریای بارودۆخەكە بكەون.
ئەمە رەنگە زەنگێكی مەترسیداربێت نەك هەر بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق بەڵكو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانیش، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانیش بارودۆخی هاووڵاتیانی هەرێم لەبەرچاوبگرن و بەدەنگ داواكاریەكانیانەوە بچن و خۆشگوزەرانیان بۆ فەراهەم بكەن، چونكە بارودۆخی هاووڵاتیان لە زاخۆوە تا بەسڕە ناهەموارە و بەیەكەوە بەستراوەتەوە و نەهامەتیەكانی هاووڵاتیانی عیراق هەمان نەهامەتیەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە و پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم رێز لە هەڵوێستەكانی هاووڵاتیانی خۆیان بگرن كە سەرەڕای هەمو نەهامەتیەكانیان تاكو ئێستاش دانیان بەخۆیاندا گرتوە و پێویستە مافەكانیان بۆ دەستەبەر بكەن.
پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت كە هەرچ گۆڕانكاریەك لە عیراق روبدات، كاریگەری  خراپی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت لە روی ئابورییەوە، بەتایبەتی كە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق داوای لادانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن و بودجە و باری ئابوری هەرێمیش بەستراوەتەوە بە عادل عەبدولمەهدی-یەوە، واتا بە لادانی ئەو  لەو پێگەیە، ئەگەری گۆڕانكاری بەسەر بودجەی هەرێم زۆر بەهێزە و بەلایەنی كەمەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، هەروەكو ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باسی لێوەكرد، ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان خۆیان بۆ ئەم ئەگەر و گۆڕانكاریانە ئامادەكردوە؟.
ئایا ئێوە پشتتان بەچی بەستبێت؟ ئەگەر بە هێزە، خۆ ئێوە لەو رژێمانە بەهێزترنین كە كەوتنە بەر رقی هاووڵاتیە ستەملێكراوەكانیان، ئەگەر بە دڵسۆزی و خەمخۆری میللـەتە، كە لە خۆتان زیاتر دڵیان بۆ ئەم خاكە دەسوتێت، ئەمەش دیسانەوە سنوردارە و تاكو سەر نییە، چونكە هەرچ برینێك لە جیاتی ساڕێژكردن زیاتر بیكولێنیتەوە، بێگومان چاكنابێتەوە.
ئێمە داوامان نەكردوە ژیانمان وەكو ژیانی خۆتان و منداڵ و خێزانەكانتان بۆ بكەن بە بەهەشتی سەرزەمین! داواناكەین ڤێللا و ئۆتۆمبێلی دوا مۆدێل و باخ و باخات و دۆنمە زەویمان بۆ دابین بكەن! داواناكەین منداڵەكانمان بڕۆن تەنها بۆ ڤژچاككردنێك یان بۆ عەتر كڕینێك یان بۆ جلوبەرگ كڕینێك بۆ دەرەوەی وڵات! داواناكەین گەشت و سەیرانمان بۆ وڵاتان بۆ رێكبخەن! داواناكەین هەر بۆ خۆشی بڕۆین تاموچێژی خواردنی وڵاتەكانی تر تاقیبكەینەوە، داواناكەین منداڵەكانمان لە دەرەوەی وڵات خوێندن تەواوبكەن و كاتێك نەخۆش كەوتین بەپەلە بماننێرن بۆ دەرەوەی وڵات چارەسەر بكرێین، یان لە دەرەوەی وڵات پشكنینی پزیشكیمان بۆ بكەن، داواناكەین وەكو خۆتان و منداڵ و خێزانەكانتان پاسەوانمان بە دواوە بێت و بە ئارەزوی خۆمان هەڵسوكەوت بكەین.
ئێمە تەنها داوای ئەوەتان لێدەكەین مافە رەواكانی خۆمان دابین بكەن و ژیانێكی شایستەمان بۆ دەستەبەربكەن، كە چیتر دڵەڕاوكێ و ترس و لەرز یەخەی ژیانمان بەردا و بە ئارامی بژین.
خێرتان دەگات لەو بەهەشتەی خۆتانەوە ئاوڕێك لە دۆزەخەكەی ئێمەش بدەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group