بۆچی پشتكرایە گەلی كوردی رۆژئاوا؟

جیهاد محەمەد كەریم

12/10/2019

"دواكەوتوویی" قەڵایەكی پتەو و قایمی هەیە لە دنیادا. ئاستەنگەكانی بەردەم "دواكەوتوویی" لەم دنیای سەرمایەدارییەدا یەجگار بەهێزە.
هێرشی توركیا بۆسەر گەلی كورد لە ڕۆژئاوادا، تەنها لەوەوە نەهاتووە دژایەتی مافی چارەنووسی گەلی كورد بێت، بەڵكو لەگەڵ ئەمەشدا دژی هەموو پێشكەوتن و كرانەوەیەكی عەقڵە.
پایەیەكی گرنگ و بەهێزی دەوڵەتە زلهێزەكانی دنیا، بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی مافی ڤیتۆیان هەیە، وەك ئەمەریكا و روسیا و چاینا، كە ئەم جارەش بێ شەرمانە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا دژی ئەو دەنگانە وەستانەوە كە ویستیان ئەم هێرشە دڕندەییەی ئەردۆغان و ئیخوانیەكان بوەستێنن، تەنها بۆ ئەوە نەبوو كە گەلی كورد و مافی چارەنوسی ڕەوای خۆی پێشێل بكەن، بەڵكو لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دژایەتیكردنی ئەو كرانەوە عەقڵیی و دیموكراسییە بوو، كە ئەمڕۆ فەراهەم كراوە لە ناو شەڕڤانان و پەیەدە و هەموو هێزە كوردیە بەرەنگاربووەكانی كۆنەپەرستانی ئیخوانیی و داعشیزم.
دواكەوتوویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامیی پایە و كۆڵەكەیەكی گرنگ و بەهێزە بۆ ڕاگرتنی سەرمایەداریی جیهانی.
ئەوە ڕاستە كە ئەمریكا و بە گشتی سیستمی سەرمایەداری دژی هەرچ دەوڵەتێكی بە‌هێزی دینیی یان قەومین لە ناوچەكەدا، دیارە لەبەرئەوەی كە سەریەشەیان بۆ دروست نەكات، چۆن دژایەتی ڕژێمە فاشیەكەی سەدام حسەین و موعەمەر قەزافیان كرد بە هەمان شێوە دژایەتی شیعەگەرایی و دەوڵەتی شیعیی ئێرانیش دەكەن، ئەمەش وەك ئاماژەم پێدا بۆ ئەوەی هیچ كات ئەم دەوڵەتانە سەریەشە و ئاستەنگ لەبەردەم دۆشینی سەروەت و سامانی ئەم ناوچە دەوڵەمەندە نەكەن. لەگەڵ ئەمەدا ئەمەریكا و بە گشتی سەرمایەداری جیهانی دژایەتی هەرچ كرانەوەیەكی عەقڵیین لە ناوچەكەدا. بەردەوام دەیانەوێت ئەم ناوچە و وڵاتانە ئەم حەشاماتە گەورەییەی ئەم ناوچەیە كە سەدان ملیۆن ئینسانە، بەوپەڕی دواكەوتوییەوە بمێنێتەوە.
كەواتە ئەتوانین بڵێین، لە دوو ڕووەوە دژایەتی گەلی كوردی رۆژئاوا و باكور و بە گشتی گەلی كوردن، چونكە بەردەوام گەلی كورد لە هەوڵی كرانەوەی عەقڵدا بووە، ئەم گەلە زانیوێتی كە نەبوونی دیموكراسی و كولتووری دیموكراسی لە ناوچەكەدا، گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم رزگارییدا، بۆیە ئەگەر بەڕێژەیەكی لاوازیش بووبێت لە مێژووی خەباتیدا، كە لەم ساڵانەی دواییەدا لە رۆژئاوادا ئەم گەلە نەك بە لاوازی بەڵكو بەوپەڕی هێزەوە دژایەتی دواكەوتوویی و ئیخوانە دواكەوتووەكان و داعشیزمی كردووە، بۆیە لە رۆژگاری تەنگانەدا هەموویان پشتی تێدەكەن و بەجێیدەهێڵن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group