سەركردە لە نێوان تەقدیسكردن و ڕەخنەدا

بەیار عومەر عەبدوڵڵا

22/05/2020
لە ساڵیدای كاك نەوشیرواندا، هیوادارم لە قۆناغی تەقدیسكردنی سەركردەكانەوە بچین بەرەو قۆناغی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە. چونكە هەر یەك لە سەركردەكان لە پاڵ كاری باش و خزمەتدا، هەڵە و كەموكوڕیان هەبووە. گرنگە ئەمانە بكرێن بە وانەی سیاسی و كۆمەڵایەتی؛ ئێمە و نەوەی داهاتوو سودیان لێوەربگرین، بۆ ئەوەی هەڵەكانی ئەوان دوبارە نەكەینەوە و بچین بەرەو قۆناغێكی باڵاتر.
زۆر جار لە ناو میللەتی ئێمەدا لە جیاتی هەڵسەنگاندنی بابەتیانە، لایەنگرانی حزب وەك فریشتە و نەیارەكانیش وەك شەیتان لە سەركردەكانیان دەڕوانن. لە كاتێكدا سەركردەكان نە فریشتەن نە شەیتانن. وەك ئێمە مرۆڤن و لە ژیانیاندا كاری ڕاست و چەوتیش دەكەن.
كۆمەڵناسی بەناوبانگی عێراقی (عەلی وەردی) لە كتێبەكانیدا، بەتایبەتی كتێبی (دراسة فی طبیعة المجتمع العراقي) واتە (لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی سروشتی كۆمەڵگەی عێراقی) بە وردی باسی كێشە و دووفاقیەكانی بەشێكی كۆمەڵگەی عێراقی دەكات كە لە جیاتی هەڵسەنگاندنی هاوسەنگ و بابەتیانە، سەركردەكانیان بە فریشتە یان شەیتان دەبینن. بە ڕای عەلی وەردی ئەمە وادەكات كۆمەڵگەی عێراقی بەردەوام خەلكانێك بەرهەمبهێنێتەوە بۆ سەركردایەتی كە هەمان هەڵەكانی پێش خۆیان دووبارەدەكەنەوە.
میللەتە پێشكەوتوەكانی دونیا ڕێزی سەركردەكانیان دەگرن، بەڵام تەقدیسیان ناكەن، بگرە بەردەوام توێژینەوەی ڕەخنەیی لەسەر ژیان و خەباتیان دەكەن بۆ ئەوەی نەوەی داهاتو سود لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیان وەربگرن بە باش و خراپیەوە؛ بۆ ئەوەی سود لە دیوە باشەكەیان وەربگرن و هەڵەكانیان دوبارە نەكەنەوە.
بەڵام بەداخەوە بەشێك لە میللەتی ئێمە سەرگەرمی تەقدیسی سەركردەكانن و چاوپۆشی لە هەڵە و كەموكوڕیەكانیان دەكەن؛ ئەمە بۆ هەموو حزبەكانی باشور ڕاستە. ئەمەش وایكردوە كە سود لە ژیان و ئەزمونیان وەرنەگرین و هەڵەكانیان دووبارە بكەینەوە. سەرەنجام مێژووی كورد لە جیاتی هەنگاونان بەرەو پێشەوە، لە بازنەیەكی داخراودا دەخولێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group