كۆرۆنا و حكومەت یەخەیان گرتوین

محەمەد فاتیح

01/06/2020

تۆماركردنی زیاتر لە 100 حاڵەتی توشبون بە ڤایروسی كۆرۆنا لە سلێمانی، دەبێت وەكو حاڵەتێكی نائاسایی و كارەساتێكی مرۆیی هەژمار بكرێت.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەنتۆنیۆ غۆتێرێش هۆشداریدا لەوەی قەیرانی كۆرۆنا وەكو بیانویەك بەكارنەهێندرێت بۆ سەركوتكردن و دەبێت حكومەتەكانی جیهان ئەوە بزانن، كە سەرچاوەی هەڕەشەكە ڤایرۆسەكەیە نەوەكو خەڵكی و دەبێت رێوشوێنەكان یاسایی و پێویست بن و هیچ جیاوازیەك و زیادەڕەویەكی تێدا بەدی نەكرێت.
ئەمەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان رودەدات سەبارەت بە كۆرۆنا، زۆر لە قسەكانی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە نزیكە و خەریكە گەمە بە كۆرۆناش دەكەن و تێكەڵی سیاسەتی دەكەن!
دوای ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژنی رەمەزان لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا، یەكەم رۆژی جەژن وەكو رۆژنامەنووسێك لەگەڵ برادەرێكم وتمان بزانین قەدەغەكە چۆن جێبەجێدەكرێت، سەرەتا ئۆتۆمبێلێكی زۆرمان بەسەر شەقامەكانەوە بەدیكرد، دواتر كە گەیشتینە شوێنێكی گشتی و خاڵێكی پشكنین رایگرتین و ئاسایشەكە بە زەردەخەنەیەكەوە وتی "خێرە كاكە بۆ كوێ ئەچن؟، منیش وتم : با بزانین ئەم شوێنە گشتیە كراوەیە تاكو بچین خێزان و مناڵەكانمان بهێنین، ئەویش لە وەڵامدا بە پێكەنینەوە وتی: هەرچەندە قەدەغەی هاتوچۆیە، بەڵام ئەم شوێنە گشتییە كراوەتەوە و دەتوانن بڕۆن خێزان و منداڵەكانتان بهێنن!". كاتێكیش كە سەردانی ناو شوێنە گشتیەكەمان كرد، لە رۆژانی پێش كۆرۆنا قەرەبالغتر بو!
برادەرێكی ترم كە نیشتەجێی ئیتاڵیایە پەیوەندی پێوەكردم و وتی "پێدەچێت كۆرۆنا رێژەكەی زۆربوبێت لە هەرێمی كوردستان و گەیشتوەتە حاڵەتی مەترسی. منیش وتم : بێگومان وایە، ئەویش لەوەڵامدا بەپێكەنینەوە وتی: بڕوابكە لای ئێوە زۆر گەورەكراوەتەوە، ئەگینا چۆن لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆشدا رێگە بەخەڵك دەدەن هاتوچۆ بكات، لای ئێمە لە ئیتاڵیا تاكو ئێستاش، كارەكان راگیراون و كەرەنتینە بەردەوامە، ئەوەی لای ئێمە كۆرۆنایە كاكە نەك ئەوەی لای ئێوە".
چۆن سەریان لەم خەڵكەش شێواندوە و تەنانەت كۆرۆناشیان وەكو گەمەیەك بەكارهێناوە و هەندێك بەهەڕەشەیەكی راستەقینەی دەزانن و، هەندێكی تریش تەنها وەكو درۆیەكی گەورە!.
لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا كەمترین كەموكوڕی هەیە تاكو رەخنەی لێبگرن، بەڵام ئەگەر راپۆرت یان هەواڵ لەسەر هەر كەمتەرخەمییەك یان هەڵەیەكی سیاسی یان حكومی بڵاوببێتەوە، ئیتر ئەو وڵاتە دەخرۆشێت، تاكو ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت، بەڵام حكومەتەكەی خۆمان وەكو كەڕ و ڵاڵ و نابینا وایە، رۆژی بە دەیان وتار و هەواڵ و راپۆرت لەسەر كەموكوڕی و كەمتەرخەمی و كێشە بڵاودەكەینەوە، كەچی دەڵێی نە بایان بینیوە نە باران!.
ئێمە هەر بە تەنها كۆرۆنا یەخەی نەگرتوین، بەڵكو حكومەتی هەرێمیش دەستی ناوەتە بیناقاقامانەوە و خەریكە بمانخنكێنێت!، تاكو ئێستا هەر بیری لەوە نەكردوەتەوە چارەسەرێك بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە، لەكاتێكدا رێژەی كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە و دەبێت قەدەغەی هاتوچۆ بە جدی جێبەجێبكات، ئەی بژێوی و ژیانی هاونیشتمانیان ؟ ئەی حاڵ و گوزەرانی خەڵكی؟ ئەی خۆ ئەبێت چارەسەرێكتان پێبێت؟ ئێمە هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستانین و ئێوەش كاربەدەست و بەرپرسمانن، ئەی خۆ ناچین داوا لە ئەفریقا بكەین چارەسەریەكمان بۆ بدۆزێتەوە، چارەسەر دەبێت لای ئێوەبێت، هەروەك چۆن رازی نابن ئارامی هەرێم تێكبدەین، دەبێت ئێوەش ئاوا ئەو ئارامیە بپارێزن!.
تاكو ئێستا دڵنیانەبوین و نەمانزانی، كۆرۆنای هەرێم حەقیقەتە یان گەمەی سیاسی و وەهم و خەیاڵە! ئای خوایە چۆن گیرمان خواردوە بە دەست كۆرۆنا و حكومەت و پەرلەمان و كاربەدەستان و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە!.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group