ملکەچیی وەک ڤایروس

خالد سلێمان

30/06/2020
ملکەچیی وەک ڤایروس وایە، دەکرێ لە هەمان ڕۆژدا کە تیایدا لەدایک دەبێت، بمرێت، دەکرێت بەشێوەیەکی مەترسیداریش بڵاوبێتەوەو ببێتە هۆی پەتایەکی گەورە. لە ڕۆمانی (تاعون)ی ئەلبێر کامۆدا، ئەگەر دکتۆرەکە خەمسار نەبوایەو لاشەی ڕسکە تۆپیوەکانی بەهەند وەربگرتایە، دەکرا پەتاکە ئەوەندە کوشندە نەبوایەو کۆنترۆڵ بکرایە. لە هەندێ بۆنەدا دەووترێت گوایە کامۆ لەو ڕۆمانەدا مەبەستی خەمساردی بوە دەربارەی سەرهەڵدانی فاشیزم؛ دەکرێ وابێت و پرسیار لەم بارەیەوە بکرێت.
بڵاوبونەوەی تاعونیش لە شاری مارسیلیای فەرەنسی ساڵی 1720، دەکرا ڕێگری لێبکرایە ئەگەر کاپیتانی ئەو کەشتیەی نەخۆشیەکەی لە شام و فەلەستینەوە گواستەوە، خەمسارد نەبوایە. لەپشت ئەویشەوە ئەندامانی شارەوانی مارسیلیا کە هەمویان بازرگان بون و ئەو هەمو جل و بەرگەی کەشتیەکە لە شامەوە دەیگواستەوە بۆ مارسلیا موڵکی ئەوان بو، مەبەستیان نەبو بزانن کەشتیەکە نەخۆشی پێیە یان نا، تەنها بیریان لای موڵک و پارە بو، دەرەنجامەکەش کارەساتبار بو.
لە کوردستاندا، هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ملکەچیی بکرێت پەتاییەکی جێگیرو خەڵک لەسەری ڕابێت. ئەوەتا دەروازەکانی وڵات و خاک و خەڵکەکەی کەوتونەتە بەردەم هێڕشی بەربەریانەی ئەردۆگان و مەلا دڵڕەقەکانی ئێران، کەچی دەسەڵاتی لۆکاڵیی کورد، ئەو دەنگانە کپ دەکات کە ئیدانەی هێڕشی دڕندانەی داگیرکاران دەکەن. بە کورتیەکەی داگیرکردنی خاک و بۆردومان کردن و کوشتنی هاووڵاتیانی کوردستان، وەک مەرجی مانەوەی لێهاتوە، بوەتە هاوکێشەی پەیوەندی نێوان داگیرکەرو داگیراو، بونی هەرکێکیان پەیوەستە بە مانەوەی ئەوی تر.
هەوڵێکی زۆری تری بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی خەڵک هیچ نەزانن و شتەکان دەشاردرێنەوە. ڤایرۆسی درۆو خۆڵ لە چاوکردنی خەڵک لە ڕێگای میدیای درۆزن و خزمەتکاری کۆڵۆنیاڵ (داگیرکەر)ەوە، ڕۆژانە بڵاو دەکرێنەوە، خەڵک، هەموی دەزانێت کە ئەم کەناڵانە ڕاست ناکەن و خزمەتی ئاغاکانی داگیرکەران دەکەن، بەڵام خەریکە لەگەڵیاندا ڕادێن و هەمو ڕۆژێک بەدیارییانەوە دادەنیشن. ئەمە ڕێک دوبارەبونەوەی ڕەفتاری حاکمەکانی مارسیلیایە کە تەنها چاویان لە گیرفانی خۆیان بو، ئەم کەناڵانە تەنها خەمی سەرو سامانی سپۆنسەرەکانیان دەکەنە ستراتیژی کارکردن، نەک ژیانی خەڵک. ئەوەتا ئەوانەی لە سەنگەری پێشەوە لە نەخۆشخانەکاندا لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکەدا تێدەکۆشن، لەبیرکراوەی حوکمڕانەکانن و شایستەکانی خۆشیان وەرناگرن، بەڵام بازرگانیکردن بەدەرمان و کۆنترۆڵکردنیەوە، ئەگەر خەڵکیش کوێر بکات، بۆ چرکەیەکیش بێت ناوەستێت. باشترین نمونە کوێربونی ژمارەیەک هاووڵاتی بو پێش چەند ساڵێک، کەچی لەبیرکران و ڕوداوەکە وەک هەر ڕوداوێکی ئاسایی تەماشاکراو بەڕێکرا. هیچ میدیایەک نیە دەست بۆ ئەم کەیسە هەستیارە ببات، وەک چۆن دەست بۆ سیاسەتی داگیرکاریش نابات.
ئەم بە ئاسایی تەماشاکردن و بەڕێکردن و لەبیرکردنە، لە بازنەی کەسێکدا یان شارێکدا ناوەستێت و وەک ڤایرۆس بە هەمو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە، زۆرجار دەبێتە هۆی پەتایەکی بەردەوام و خەڵک لەگەڵیدا ڕادێت؛ وەک هەڵامەت و سورێژە، دوریش نیە وەک کۆرۆنای لێبێت و توانای کوشتنی سیستمی بەرگری لەشی هەبێت.
لە کوردستاندا، کەناڵەکانی میدیا نەک تەنها ڕۆڵی دکتۆرەکەی ناو ڕۆمانی (تاعون) دەبینن لە خەمساردیدا، بەڵکو ڕۆڵی کەوا سوری بەر لەشکری داگیرکاران و هەروەها ڕۆڵی براگەورەی ناوخۆش دەبینن. بونەتە سەکۆی داگیرکاران، لە بری ئەوەی هەقیقەت و تاوانکاریی لاقەکەر بخەنەڕو، گوناهەکان دەخەنە ئەستۆی لاقەکراو، گوایە ئەگەر وروژاندن و فیتنەی ئەو نەبوایە، ئەوا لاقەکەر لە شوێنی خۆیدا بەبێدەنگی دانیشتبو. بەڵێ ئەمە سەرەتای جێگیربونی پەتایەکە ناوی ملکەچییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group