لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە، چاوەکان چوونەتە سەر یەکێک لە هەستیارترین خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان كەگەرووی هورمزە. ئەم دەرچە ئاوییە تەنها ڕێڕەوێکی وزە نییە، بەڵکو دەمارێکی سەرەکیی خۆراکی جیهانە، کە پەککەوتنی، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی" پێوانەی کیمیاییە " كە بریتە لەتوخمە گرنگ و ئاسانەکان (نایترۆجین، فسفۆر و پۆتاسیۆم) بەكاردیت بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەکردن و زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ هەر هێکتارێک و باشترکردنی بەپیتی خاکە هەژارەکان. بەڵام دەبێت بە کەمی بەکاربهێنرێن بۆ ئەوەی خاک و پیسبوونی ژینگە دوور بکەوێتەوە. ناوچەی کەنداو کە وڵاتانی وەک ئێران، قەتەر، سعودیە، ئیمارات و بەحرەین لەخۆدەگرێت، بە ناوەندی بڕبڕە پشتی پیشەسازیی پێوانەی کیمیایی دادەنرێت . ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ناوچەیە نزیکەی ٢٣٪ی بازرگانی جیهانی ئامۆنیا و ٣٤٪ی بازرگانی یوریا پێکدەهێنێت. داخستنی گەرووی هورمز لە ئەنجامی ئەم شەڕەوە، بە واتای وەستانی دەستبەجێ یان دواکەوتنی هەناردەكردنی ئەم مادە گرنگانە دێت بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش کورتهێنانێکی گەورە لە دابینکردندا دروست دەکات کە هاوسەنگیی نرخەکان تێکدەدات. تەنگژەکە تەنها لە گواستنەوەی بەرهەمی کۆتاییدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەگاتە قووڵایی تێچووی بەرهەمهێنان. پێوەکانی نایترۆجین وەک یوریا و ئامۆنیا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە"گازی سروشتی" دەبەستن. ململانێ سەربازییەکان بوونەتە هۆی پەکخستنی دابینکردنی گاز و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی زنجیرەیی، تێچووی کارگەکانی پێوی لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە. لە لایەکی ترەوە، گەرووی هورمز ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی گۆگردە، کە کەرەستەیەکی خاو و بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی پێوی فۆسفات. بەوپێیەی کەنداو ٤٤٪ی بازرگانی جیهانی گۆگرد دابین دەکات ئەم بارگرژییە سیاسی و سەربازییانە ڕەنگدانەوەی خێرایان لەسەر بۆرسە جیهانییەکان هەبووە؛ بۆ نموونە نرخی هەر تۆنێک یوریا لە کورتماوەیەکی پێوانەییدا لە ٤٨٧ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٧٠٠ دۆلار بازدانی بەخۆیەوە بینی. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، چونکە تێچووی بەرهەمهێنان بۆ جووتیاران زیاد دەکات و ناچاریان دەکات بڕی بەکارهێنانی پێو کەم بکەنەوە. دەرەنجامی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە، گواستنەوەی قەیرانەکەیە بۆ ناو بازاڕی خۆراک. کەمبوونەوەی بەکارهێنانی پێو بە واتای کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی جیهانی دێت، ئەمەش نەک تەنها نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا بەرز دەکاتەوە، بەڵکو ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانێکی مرۆیی و کەمیی خۆراک دەهێنێتە ئاراوە ئەگەر ململانێکان لە ناوچەکەدا بەردەوام بن و ڕێڕەوە ئاوییەکان بە داخراوی بمێننەوە. هەرێمی کوردستان بەهۆی بەستراوەیی بە بازاڕە جیهانییەکان و هاوردەکردنی کەرەستە سەرەکییەکان، ڕووبەڕووی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە لە ئەنجامی هەر پەککەوتنێک لە گەرووی هورمزدا. گەورەترین مەترسی لەسەر کەرتی کشتوکاڵی هەرێم لە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێناندا دروست دەبێت، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی پێوە کیمیاییەکانی وەک یوریا و پۆتاس، کە بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی دەریاوە دەگەنە ناوچەکە، بارگرانییەکی دارایی گەورە دەخاتە سەر شانی جووتیارانی ناوخۆ. ئەم گرانبوونی کەرەستە خاوانە دەبێتە هۆی ئەوەی جووتیار بڕی پێویست لە پێو بەکارنەهێنێت، ئەمەش ئاستی بەرهەمهێنان لە هەر دۆنمێکدا کەمدەکاتەوە و کار دەکاتە سەر کوالێتی بەروبوومە ستراتیژییەکانی هەرێم. لەلایەکی تریشەوە، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و سووتەمەنی ، تێچووی کارپێکردنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان و گواستنەوەی بەرهەمەکان لە کێڵگەکانەوە بۆ شارەکان زیاد دەکات. ئەم زنجیرە گۆڕانکارییانە تەنها لە کێڵگەکاندا نامێننەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی خێرایان لەسەر سفرەی هاووڵاتیان دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک هەنگاوی ستراتیژی و خێراوە ڕێگری بکات لەوەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان کاریگەریی وێرانکەر بخەنە سەر کەرتی کشتوکاڵ. یەکێک لە سەرەکیترین هەنگاوەکان لەماوەی دریژدا بریتییە لە کارکردنی جیدی بۆ دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی پێوی کیمیایی لە ناوخۆی هەرێم بە سوودوەرگرتن لە یەدەگی غازی سروشتی، کە ئەمە دەبێتە بەدیلێکی هەمیشەیی بۆ پێوی هاوردەکراو و نرخەکان بۆ جووتیاران جێگیر دەکات. لە کورتماوەشدا، حکومەت دەتوانێت سندوقێکی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی کەرتی کشتوکاڵ دروست بکات تا لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەکاندا، (پاڵپشتی دارایی) بۆ کڕینی پێو و سووتەمەنی بۆ جووتیاران دابین بکات و ڕێگە نەدات تێچووی بەرهەمهێنان لەسەریان زیاد بکات. هەروەها پەرەپێدانی کۆگای ستراتیژی بۆ کۆکردنەوەی پێو یەکێکی ترە لە بەدیلە گرنگەکان، بۆ ئەوەی لە کاتی پەککەوتنی گەرووی هورمز یان هەر قەیرانێکی تر، هەرێم خاوەنی بڕی پێویست بێت بۆ چەند وەرزێکی چاندن. هاندانی کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی " پێوانەی ئەندامی" کە پشت بە ئاژەڵداری ناوخۆ دەبەستێت، دەبێتە بەدیلێکی تەندروست و هەرزان بۆ پێوە کیمیاییەکان. جگە لەمانە، چاککردنی سیستەمی ئاودێری و گۆڕینی بۆ سیستەمی مۆدێرن کە ئاو و وزەی کەمتری دەوێت، یارمەتی جووتیاران دەدات کە بەرگەی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە بگرن و بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا بە نرخێکی گونجاو بمێنێتەوە. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.