چۆن لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڕوانیت؟

محەمەد فاتیح

30/05/2021

جێبەجێكردنی ئەركی پاراستنی ئاسایش و سەروگیانی هاونیشتیمانیان ئەركێكی پیرۆزە، لەهەمان كاتدا پشتگوێخستنی ئەو ئەركە تاوانێكە و دەبێت باجەكەی بدرێت و لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە كەمتەرخەم بونە لەدابینكردنی ئاسایش بۆ هاونیشتیمانیان.
نزیكەی كاتژمێر نۆی شەو بو كاتێك كە لەماڵەوە دانیشتبوین و گوێمان لە دەنگێكی زۆر بەهێز بو لەناو حەوشەكەمان، سەرەتا وامانزانی غازەكەمان تەقیوە، بەڵام كاتێك چومە حەوشەكەمان سەیرمكرد دەرگاكەمان بەزەبری هێز كراوەتەوە و زمانی دەرگاكەش شكابو.
ئەم حاڵەتە ئەگەر تەنها بۆ یەكجاربێت دەتوانیت پشتگۆێی بخەی ، بەڵام زیاتر لەجارێك دووبارە بۆیەوە و ئەوەشی نیگەرانی كردین ئەوانەی ئەو دەستدرێژیە دەكەنە سەر ماڵەكەم، كۆمەڵێك هەرزەكارن واتا مناڵی نۆ ساڵان و دەساڵان نین و هەڕەشەشیان لێكردم.
من هەرگیز لەوە پەشیمان نیم كە هەمیشە ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسم كردوە و خۆشەویستی ئەو هێزانەم لەدڵی منداڵەكانم چەسپاندوە، هەر لەو روانگەیەوە پەیوەندیم بەئاسایشی لای ماڵی خۆمانەوە كرد و بابەتەكەم بۆ رونكردنەوە و سەردانیشم كردن، بەڵام كاتێك كێشەكەیان بۆ چارەسەرنەكردم و دەستدرێژیەكە هەر بەردەوام بو، ئەو وێنە جوانەی ئاسایش لە دڵ و دەرونمدا كاڵ نەبۆیەوە و هەر بۆیە بەباشم زانی بابەتەكەم لەرێگەی سەنتەری میترۆوە بدەم بە راگەیاندن و بەڕێز نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت پەیوەندی پێوەكردم و بەردەوام لەپەیوەندیدا بو لەگەڵم و هەر لەرێگەی بەڕێزیانەوە بەڕێز كاك حەیدەر لەنوسینگەی تایبەتی ئاسایشی سلێمانی پەیوەندی پێوە كردم و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەی پێدام.
ئەوەی سەرنجڕاكێشە من سەرەڕای ئەوەی كەسێكی سەربەخۆ و بیلایەنم و پەیوەندیم بەهیچ حزبێكەوە نیە و هێزە ئەمنیەكان و دەسەڵاتدارانم لەمیدیاكاندا بەكەمتەرخەم تۆمەتباركردبو، بەڵام بەبێ‌ ئەوەی یەكتری بناسین و تەنانەت بەبێ‌ ئەوەی بۆ یەكجاریش یەكمان بینیبێت، بەڕێز كاك حەیدەری نوسینگەی تایبەتی ئاسایشی سلێمانی دەستی هاوكاری بۆ درێژكردم و رێوشوێنیان لەگەڵ ئەو ئاسایشانە گرتەبەر كە كەمتەرخەم بونە و چارەسەركردنی كێشەكە و دەستگیركردنی بكەرانی و ئاشكراكردنی هۆكارەكانیان گرتوەتە ئەستۆی خۆیان.
ئیتر بۆ من گرنگ نیە ئەنجامەكە چی دەبێت گرنگ ئەوەیە، پێم خۆش بو هەر وەك چۆن كەموكوڕی و گەندەڵی هەبێت باسی دەكەین و بڵاوی دەكەینەوە، بەهەمان شێوە باسی رۆڵی ئاسایشی راستەقینەش بكەم.
لەجوانترین ئەو دیمەنانەی هەستی هەژاندم لەكاتی بەدواداچون بۆ ئەم دەستدرێژیەی كرایە سەرمان، كاتێك كاك حەیدەری نوسینگەی تایبەتی ئاسایشی سلێمانی تیمێكی نارد بۆ ماڵمان، تیمەكە دوای ئەوەی سەیری گرتە ڤیدۆكەیان كرد كە چۆن هەرزەكارەكان بێڕێزیمان پێدەكەن وتیان" ئەمە ئیشی ئاسایشە و دەبو لێپێچینەوەیان لەگەڵ ئەو منداڵانە بكردایە، ئێمە لەجیاتی ئاسایشی گەڕەكەكەتان داوای لێبوردن دەكەین، ئەمە ئەركی ئاسایشە و دەبوایە جێبەجێی بكردایە، دووبارە داوای لێبوردن دەكەین"!
دیمەنێكی تریش ئەوە بوو كاتێك كاك حەیدەر پێی وتم: " ئەوە تۆ رۆژنامەنوسیت و دەنگت دەگات بەراگەیاندنەكان و توانیت ئەم كێشەیە بگەیەنیت بە ئێمە، ئەی ئەگەر ئاسایش كەمتەرخەمی لەگەڵ  هاوڵاتیەكی ئاسایی هەبو،  چی بكات چۆن دەنگی بگات بە ئێمە"!. 
ئێمە لەهەرێمی كوردستان بە سەدان بەرپرسمان هەیە، ئەگەر هەرچ بەرپرسێك وەكو كاك حەیدەر خەمی هاوڵاتیانی لەكۆڵبگرتایە، ئێستا ئێمە دەبوین بەجوانترین نمونە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
بۆ هەمو ئەو كەسانەی لە ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس دەترسن و بە هێزی تۆقێنەریان دەزانن، من پێیان دەڵێم: ئەو هێزانە زۆر جوانن كە پاراستنی گیان و ماڵ و ئاسایشی ئێمەیان گرتوەتە ئەستۆی خۆیان، ئەگەر هەرچ هەڵە و كەموكوڕیەكیشیان هەبو، دەتوانن لەهەمو دەرگاكان بدەن بۆ راستكردنەوەیان!.
ئەركی هەمو هاونیشتیمانیەكی هەرێمی كوردستانە، بۆ نیشتیمانێكی ئارام و هێمن و پارێزراو تێبكۆشێت!.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group